ئەڵمانیا پشت لە پەنابەران دەكات

:: PM:03:41:12/05/2019 ‌
لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا حكوومەتی ئەڵمانیا نزیكەی پێنج هەزار داواكاری پەنابەرانی رەت كردووەتەوە. بەگوێرەی ئامارەكانیش بێت ساڵی رابردوو ئەڵمانیا داواكاری زیاتر لە 57 هەزار پەنابەری رەت كردووەتەوە.

ئەڵمانیا كە ساڵی 2015 بە تاكە وڵاتی یەكێتیی ئەوروپا دەستنیشان كرا لە وەرگرتنی پەنابەر، ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا گوشاری زۆری خستەسەر وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا تا دەرگا بە رووی پەنابەران بكەنەوە، بەڵام ئێستە سیاسەتی پێچەوانەی گرتووەتەبەر و لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی ژمارەی ئەو كەسانەی داواكاری پەنابەرییان رەت كراوەتەوە گەیشتووەتە پێنج هەزار و 600 كەس.
 
ئەگەرچی بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان ئەو ژمارەیە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا، كەمێك كەمتریشە، بەڵام لە یەكێتیی ئەوروپا، ئیتالیا لە پلەی یەكەم دێت بۆ رەتكردنەوەی داوای پەنابەران، پاشان ئەلبانیا و دواتریش جۆرجیا.

 لە راپۆرتێكی رۆژنامەی "بێڵد ئێم زونتاغ" كە مانگی شوباتی رابردوو بڵاو كراوەتەوە، ئاماژە بە شكستی ئەڵمانیا دەكات لە دەركردنی پەنابەران. لە راپۆرتەكەدا پشت بە ئاماری فەرمی وەزارەتی ناوخۆ بەستراوە كە 57 هەزار داواكاری پەنابەران لە 2018 رەت كراوەتەوە و دەبێت ئەڵمانیا بەجێ بهێڵن، بەڵام تا ئێستە تەنیا 26 هەزار و 114 كەس ناچار كراون ئەڵمانیا جێ بهێڵن.


وشە - فه‌رمان سادق