ئاژانسى DW ى ئه‌ڵمانى راپۆرتێكى له‌سه‌ر جه‌نگى سێیه‌مى كه‌نداو بڵاو كردووه‌ته‌وه و له راپۆرته‌كه‌دا هه‌وڵ ده‌دات وه‌ڵامى حه‌وت پرسیار بداته‌وه، یه‌كێك له پرسیاره‌كان ئه‌وه‌یه ئایا جه‌نگى سێیه‌مى كه‌نداو له نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران هه‌ڵده‌گیرسێت؟ راپۆرته ئه‌ڵمانییه‌كه له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر ئێران كارێكى ده‌به‌نگانه نه‌كات، ئه‌مه‌ریكا نیازى هیچ جه‌نگێكى نییه".
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 12ى ئایار ئاژانسى
DW ى ئه‌ڵمانى راپۆرتێكى له‌سه‌ر جه‌نگى نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران بڵاو كردووه‌ته‌وه، ئه‌و جه‌نگه‌یش ئه‌گه‌ر روو بدات، به "جه‌نگى سێیه‌م"ى كه‌نداو ناوى ده‌بات، چونكه كه‌نداو دوو جه‌نگى تر‌ى به‌خۆیه‌وه بینیوه، جه‌نگى یه‌كه‌م له نێوان عێراق و ئێران بوو، جه‌نگى دووه‌میش له دواى داگیركردنى كوێت بوو له‌لایه‌ن عێراقه‌وه كه هاوپه‌یمانییه‌كى نێوده‌وڵه‌تى له دژى عێراق دروست بوو و هێرشیان كرده سه‌ر عێراق.
راپۆرته ئه‌ڵمانییه‌كه به ناونیشانى "له كه‌نداو ته‌پڵى جه‌نگ لێ ده‌درێت- چه‌ند خاڵێكى كلیل ئاسا بۆ تێگه‌یشتنى ته‌نگژه‌كه" بڵاو كراوه‌ته‌وه، شێوازى راپۆرته‌كه‌یش به حه‌وت پرسیار داڕێژراوه و هه‌وڵ ده‌درێت به كورتى وه‌ڵامیان بدرێته‌وه. گرنگترین پرسیاریان ئه‌وه‌یه ئایا به‌منزیكانه جه‌نگ هه‌ڵده‌گیرسێت؟
له سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه هاتووه، كاتێك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا سزاكانى سه‌ر ئێران زیاد ده‌كات و ناردنى نه‌وت له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه ئه‌سته‌م ده‌كات، ئه‌وا ئێران هه‌ست ده‌كات له ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه و له‌وانه‌یه سزاكان زیاتر ئابوورییه‌كه‌ى زیاتر دابڕمێنێ، بۆیه كه‌وته هه‌ڕه‌شه‌كردن یه‌كێكیش له هه‌ڕه‌شه‌كان داخستنى گه‌رووى هورمز بوو.
داخستنى گه‌رووى هورمز چى ده‌گه‌یه‌نێ؟
ئاژانسى DW ده‌ڵێ ئه‌مه كارێكه ئه‌گه‌ر بكرێت، ئه‌وا ته‌واوى دنیا هه‌ستى پێ ده‌كات، چونكه %30 نه‌وتى خاوى دنیا به‌م رێڕه‌وه ده‌ریاییه تێده‌په‌ڕێت. جگه له‌مه‌یش داخستنى گه‌رووى هورمز جێبه‌جێكردنى ئاسانه. چونكه پانى ئه‌و گه‌رووه ته‌نیا 40 كیلۆمه‌تره و ئێران به دانانى چه‌ند مینێك ده‌توانێ جووڵه‌ى گه‌رووه‌كه په‌ك بخات. ئه‌گه‌ر ئێران ئه‌و كاره بكات، خۆدوورخستنه‌وه له جه‌نگ ناكرێت. زه‌حمه‌تیشه ئێران ئه‌م كاره بكات، چونكه به‌م كاره‌ى نه‌ك ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى نه‌وت هه‌نارده ده‌كه‌ن له دژى ده‌وه‌ستنه‌وه.
ئێران چ كارتێكى تر‌ى گوشارى به‌ده‌سته‌وه‌یه؟
له وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره راپۆرته ئه‌ڵمانییه‌كه ده‌ڵێ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى كارتێكى تر‌ى گوشاره به ده‌ست ئێرانه‌وه، ئه‌مه‌ریكا له هه‌شتى ئایارى ساڵى 2018 له رێككه‌وتنه‌كه كشاوه‌ته‌وه و ئێسته‌یش ئه‌وروپییه‌كان و ئێران ده‌ستیان به رێككه‌وتنه‌كه گرتووه، به‌ڵام به‌رپرسانى ئێران ده‌یانه‌وێ ده‌ستبه‌ردارى به‌شێكى له بڕگه‌كانى رێككه‌وتنه‌كه بن، بۆ ئه‌وه‌ى بڕێكى زۆرتر یۆرانیۆمى پیتێنراو و پێكهاته‌ى تر‌ى ئه‌تۆمیان ده‌ست بكه‌وێت. ئێران ده‌رفه‌تى 60 رۆژى به وڵاتانى ئه‌وروپا داه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ندێك بارى قورسى دارایى و وزه‌ى نه‌وت له‌سه‌ر ئێران كه‌م بكه‌نه‌وه.
ئایا رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى شكستى هێنا؟
وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره به‌نده به كاردانه‌وه‌ى ئه‌وروپییه‌كان، ئه‌وان چۆن وه‌ڵامى دوایین ده‌رفه‌ت ده‌ده‌نه‌وه كه له لایه‌ن تارانه‌وه دیار كراوه. ره‌نگه ئه‌وان نه‌یانه‌وێ كه‌ونه ژێر گوشارى تاران بۆیه ئه‌گه‌رى هه‌یه ده‌رفه‌ته‌كه ره‌ت بكه‌نه‌وه و له ئه‌نجامى ئه‌و كاره‌یش رێككه‌وتنه‌كه به مردوو داده‌نرێت. شاره‌زایان دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه ئه‌وروپا سوودێك له‌وه نابینێ، بارودۆخه‌كه به‌م ئاسته بگه‌یه‌نێ. رۆلف موتسنیش شاره‌زا له كاروبارى ده‌ره‌وه له پارتى سۆسیالیستى دیمو‌كراتى ئه‌ڵمانى له دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ DW ده‌ڵێ، "دوایین هه‌نگاوى تاران هۆكار ده‌بێت بۆ زیاتر ناساقامگیرى ناوچه‌كه و تێكدانى سیستمى نێوده‌وڵه‌تى".
پلانى ئه‌مه‌ریكا له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه چییه؟
به‌ر له هه‌موو شتێك ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یى سه‌ربازى خۆى له كه‌نداو زیاد ده‌كات و چه‌ند رۆژێكه بڕیارى زیادكردنى هێزه‌كانى له كه‌نداو داوه، بۆ ئه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌وپه‌ڕى ئاماده‌یى بن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هه‌ر هێرشێكى ئێران، مایك پۆمپیۆ له‌باره‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى سه‌ربازى گوتى، "ئه‌گه‌ر پێویست بكات ئه‌م كاره ئه‌نجام ده‌ده‌ین".
هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ پلانه‌كانى ئێران هه‌یه؟
به‌ڵێ هه‌ندێك ئاماژه هه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت له زانیارییه‌كان وریا بین، چونكه سه‌رچاوه‌ى ئه‌م زانیارییانه ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى ئه‌مه‌ریكان، له رابردوودا هه‌میشه زانیارى ئه‌م سه‌رچاوانه دروست نه‌بووه. له‌باره‌ی ئه‌مجاره زانیارییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن ئێران پلانى هه‌یه له ناو خاكى عێراق و سووریا هێرش بكاته سه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا. وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كیش ده‌ڵێن ئێران مووشه‌كى بچووكى به به‌له‌م به‌ره‌و عێراق ناردووه.
ئه‌مه‌ریكا پێشبینى چى له هاوپه‌یمانه‌كانى ده‌كات؟
له راپۆرته‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه، ده‌كرێ وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌مان له میانه‌ى سه‌ردانه له‌ناكاوه‌كه‌ى مایك پۆمپیۆ ده‌ست بكه‌وێ كه بۆ عێراق ئه‌نجامى دا، ئه‌مه‌ریكا داواى وه‌فادارى و پاراستنى له حكوومه‌تى زۆرینه‌ى شیعه ده‌كات، چونكه ئه‌م حكوومه‌ته به‌هۆى ئه‌مه‌ریكاوه هاتووه‌ته كایه‌وه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش شیعه‌كانى عێراق هاوسۆزییان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه. له‌باره‌ی وڵاتانى كه‌نداویش جگه له قه‌ته‌ڕ كه پێوه‌ندییه‌كى باشى له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه، ته‌واوى وڵاتانى تر له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكان.
ئایا جه‌نگ هه‌ڵده‌گیرسێ یان نا؟
ئێسته نه‌خێر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێران هه‌نگاوێكى "ده‌به‌نگانه" بنێ، ئه‌وا ئه‌مه‌ریكا وه‌ڵامى ده‌داته‌وه. ئه‌مه‌یش كاتێك ده‌بێت كه ئێران هێرش ده‌كاته سه‌ر سه‌ربازه‌كانى ئه‌مه‌ریكا یان گه‌رووى هورمز داده‌خات. ئه‌وا ئه‌مه‌ریكا به دڵنیاییه‌وه وه‌ڵامى ده‌بێت. ئاژانسى DW ى ئه‌ڵمانى له كۆتایی راپۆرته‌كه ده‌ڵێ ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێ بكه‌وێته جه‌نگێكى سه‌خته‌وه، سه‌رۆك تره‌مپیش به‌ڵێنى داوه وه‌ك سه‌رۆكه‌كانى پێشتر به په‌له ناكه‌وێته جه‌نگه‌وه، بۆیه له‌م بارودۆخه‌یشدا ته‌نیا ته‌پڵى هه‌ڵگیرسانى جه‌نگى سێیه‌مى كه‌نداو له هه‌ردوولاوه به‌رده‌وام ده‌بێت.