تره‌مپ به كشانه‌وه‌ى له رێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سوود یان زیان به وڵاته‌كه‌ى ده‌گه‌ینێ؟
دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا زۆر شتى هه‌یه له سه‌رۆكه‌كانى پێش خۆى ناچێ، یه‌كێك له‌و شتانه‌یه‌یش ئه‌وه‌یه حه‌ز ده‌كات كار بۆ ئه‌وه بكات وڵاته‌كه‌ى له زۆرترین رێككه‌وتن و په‌یماننامه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بكشێنێته‌وه. به‌ڵام ئایا ئه‌مه له به‌رژوه‌ندى وڵاته‌كه‌ى ده‌بێت و پێگه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌سه‌ر ئاستى دنیا ده‌پارێزێ، یاخوود وڵاته‌كه‌ى به‌ره‌و گۆشه‌گیرى زیاتر ده‌بات؟.
له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونى دوو ساڵ به سه‌ر ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى دۆناڵد تره‌مپ، زۆر دیارده و ره‌فتارى سیاسى له‌م سه‌رۆكه به زه‌قى ده‌ركه‌وتووه كه له سه‌رۆكه‌كانى پێش خۆى نه‌بووه. ئه‌و ره‌فتارانه‌یش كه‌سیى و ساده نیین، به‌ڵكو له ناوخۆ كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئاستى به‌ڕێوه‌بردنى وڵاته‌كه‌ى ده‌بێت و له ده‌ره‌وه‌یش كاریگه‌رى به‌سه‌ر پێگه و هه‌ژموونى ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت له دنیادا.
یه‌كێك له‌و دیاردانه ئه‌وه‌یه به‌رپرسان زوو زوو ده‌گۆڕێت و یانیش به‌رپرسانى حكوومه‌ته‌كه‌ى ناچار ده‌كات ده‌ست له كار بكێشنه‌وه، له‌م دیارده‌یه‌دا دۆناڵد تره‌مپ به به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانى تر‌ى ئه‌مه‌ریكا ژماره‌ى پێوانه‌یى تۆمار كردووه، دیارده‌یه‌كى تر ئه‌وه‌یه جه‌نگێكى ئابوورى و بازرگانى له‌گه‌ڵ زۆرێك له وڵاتانى دنیا راگه‌یاندووه، له‌وانه باجى خستووته سه‌ر كاڵاكانى وڵاتانى ئه‌وروپا و چین، هه‌روه‌ها تایبه‌مه‌ندى بازرگانى له توركیا وه‌رگرته‌وه. دیارده‌ى سێیه‌م ئه‌وه‌یه دۆناڵد تره‌مپ له ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى خۆی دا زۆرێك له ئه‌و كۆمه‌كه داراییانه‌ى بڕیوه كه پێشتر ئه‌مه‌ریكا به وڵاتان و رێكخراوه‌كانى داوه، له‌وانه هاوكارى دارایى له‌سه‌ر پاكستان بڕى، هه‌روه‌ها هاوكارییه‌كانى ئه‌مه‌ریكاى بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه‌م كرده‌وه.
دیارده‌یه‌كى تر كه له حكوومه‌ته‌كه‌ى دۆناڵد تره‌مپ هه‌ستى پێ ده‌كرێت، كشانه‌وه‌یه له رێككه‌وتن و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار بڕیارى كشانه‌وه ته‌نیا ده‌قى رێككه‌وتنه‌كان ناگرێته‌وه به‌ڵكو كۆمه‌ڵه ورێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه.
له‌سه‌ر دیارده‌ى چواره‌م " كشانه‌وه له رێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان" رۆژنامه‌ى ئه‌هرامى میسرى به دواداچوونێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا باس له‌و رێككه‌وتن و په‌یماننامانه ده‌كات كه به بڕیارى تره‌مپ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا لێیان كشاوه‌ته‌وه و یانیش هه‌ڕه‌شه‌ى كشانه‌وه ده‌كات.
له‌سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه هاتووه "بڕیاره‌كانى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا بۆ كشانه‌وه له رێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ناوه‌ستێ، هه‌رچه‌نده كشانه‌وه‌كان مشت‌ومڕ و لێكه‌وتى خۆیان ده‌بێت و كاردانه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى دروست ده‌كه‌ن. سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا ئه‌م بڕیاریانه وه‌ك جێبه‌جێكردنى دروشمى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ده‌دات، كه بریتی بوو له‌وه‌ى "جارێكى تر ئه‌مه‌ریكا مه‌زن بكه‌نه‌وه. به‌ڵام پرسیارى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌یه ئایا كشانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌م رێككه‌وتنانه ئامانجى ئه‌م وڵاته بۆ پێشه‌نگى له‌سه‌ر ئاستى دنیا به‌دى ده‌هێنێ؟ یانیش دروشمى ( ئه‌مه‌ریكا به‌ر له هه‌ر شتێك) باڵاترین ئامانج ده‌بێت كه تره‌مپ كۆششى بۆ ده‌كات و ئامانجه‌كانه‌كانى تریش فه‌رامۆش ده‌كرێن؟.
له راپۆرته‌كه‌ى رۆژنامه‌ى "ئه‌هرام" هاتووه ته‌نیا به دوو رۆژ دواى وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ له ساڵى 2017 بڕیارى كشانه‌وه‌ى له رێككه‌وتنى بازرگانى ئه‌تله‌سى راگه‌یاند كه به كورتكراوه‌ى TTP ده‌ناسرێت. دواتر له‌و رێككه‌وتنى جیهانى بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌ك كشایه‌وه، ئه‌مه‌یش ئه‌و رێككه‌وتنه بوو كه له‌لایه‌ن باراك ئۆباماى سه‌رۆكى پێشووى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا واژوو كرابوو. هه‌ر له ساڵى 2017 دۆناڵد تره‌مپ بڕیارى دا له رێككه‌وتنى پاریس بۆ كه‌شوهه‌وا بكشێته‌وه.
زنجیره‌ى كشانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له ساڵى 2018 به‌رده‌وام بوو، گرنگترین كشانه‌وه‌یش له رێككه‌وتنامه‌ى ئه‌تۆمى ئێران بوو. دۆناڵد تره‌مپ له مانگى ئایار بڕیارى دا ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتنه‌كه بكشێته‌وه و ئه‌مه‌یش كاردانه‌وه‌ى خۆى لێ كه‌وته‌وه و تا ئێسته‌یش كاردانه‌وه‌كان به‌رده‌وامییان هه‌یه. هه‌روه‌ها رێككه‌وتنێكى تر‌ى له‌گه‌ڵ كوبا هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
وه‌ك تێبینى ده‌كرێت زۆرێك له ورێككه‌وتنانه‌ى سه‌ره‌وه له‌سه‌رده‌مى باراك ئۆباما واژوو كرابوون، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌كانى تره‌مپ به‌رده‌وامه بۆ ئه‌وه‌ى له هه‌ندێك رێككه‌وتنى تر بكشێته‌وه، كه مێژووییه‌كى كۆنتریان هه‌یه و له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌كانى پێشووتر واژوو كراون، له‌وانه تره‌مپ داوا ده‌كات جاریچكى تر دانووستاندن له سه‌ر رێككه‌وتنى بازرگانى وڵاتانى ئه‌مه‌ریكاى باكور بكرێت، كه به رێككه‌وتنى نافتا ناسراوه و له ساڵى 1994 له نێوان ئه‌مه‌ریكا و كه‌ندا و مه‌كسیك واژوو كراوه.
جگه له‌مه‌یش هه‌ڕه‌شه ده‌كات له رێككه‌وتنى مووشه‌كى ئه‌تۆمى بچووك و مامناوه‌ند بكشێته‌وه كه له كۆتایى هه‌شته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو له نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتى سۆڤییه‌تى جاران واژوو كراوه.
له باره‌ى لایه‌نى ئه‌رێنێ و نه‌رێنێ بڕیارى كشانه‌وه له رێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له راپۆرتى رۆژنامه‌ى
ئه‌هرام هاتووه " چاودێران پێیانوایه، له‌وانه‌یه بڕیارى كشانه‌وه له په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ مه‌ودایه‌كى كورت هه‌ندێك ده‌ستكه‌وتى هه‌بێت، به‌ڵام له مه‌ودایه‌كى دوورتر بڕیاره‌كان كاریگه‌ریان به‌سه‌ر ئه‌و هێزه‌ى ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت كه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌تى، چونكه مانه‌وه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى سیسته‌مه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له به‌رژوه‌ندى ئه‌مه‌ریكا نییه، به‌شێوه‌یه‌كى گشتى په‌یماننامه و رێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئامانجیان دورستكردنى پردى متمانه‌یه له نێو ده‌وڵه‌تان و پارێزگارى له سه‌قامگیرى دنیا ده‌كات، كشانه‌وه‌ى وڵاتێكیش به قه‌باره‌ى ئه‌مه‌ریكا كاریگه‌رى نه‌رێنى و راسته‌وخۆى به‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه ده‌بێ له وڵاتانى تر".