حكوومەتی عێراق مانگی دەستكرد رەوانەی ئاسمان دەكات

:: AM:09:29:14/05/2019 ‌
بە مەبەستی كۆنتڕۆڵ كردنی دۆخی تەناهی و سەربازی حكوومەتی عێراق هەوڵی هەڵدانی مانگێكی دەستكرد بۆ ئاسمان دەدات. وەزارەتی پەیوەندییەكانیش دەڵێ، لەگەڵ حكوومەتی فڕەنسی لە هەوڵداین بۆ تەواو كردنی پڕۆژەكە.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی ئایار، وەزارەتی پەیوەندییەكانی حكوومەتی عێراق ئاشكرای كرد كە پلانیان هەیە لەگەڵ حكوومەتی فڕەنسی بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی مانگی دەستكرد و ئاژانسی ئاسمانی عێراق دوای ئەوەی رەزامەندی وەرگرتنی قەرز بۆ پڕۆژەكە تەواو بووە و بەشێكیش لە ئامانجی پڕۆژەكە پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری تەناهی و سەربازییە بۆ لایەنە پەیوەندارەكان.

لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپیەكی دەست "وشە" كەوتووە، ئەمیر بەیاتی بریكاری وەزارەتی پەیوەندییەكان بۆ كاروباری هونەری دەڵێ، هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فڕەنسی و كۆمپانیای ئێرباسی فڕەنسی تایبەتمەند بە دروستكردنی مانگی دەستكرد كراوە بۆ تەواو كردنی پڕۆژەی مانگی دەستكرد و ئاژانسی ئاسمانی عێراقی، گوتی "بۆ ئەمەش حكوومەتی فڕەنسی رەزامەندی نیشانداوە بۆ پێدانی قەرز بە حكوومەتی عێراق، دوای ئەوەی پڕۆژەكە بۆ ماوەیەكی درێژ وەستا بوو".
بەیاتی زیاتر روونی كردەوە كە پێویستە پارێزگاری لە ئاسمانی تایبەت بە عێراق بكرێت و پڕۆژەكەش دوای تەواو بوونی بە تەواوەتی، بە تەواو بوونیشی ئەوا دەتوانین لە خزمەتی بواری تەناهی و سەربازی و ئابووری و كشتووكاڵی و پیشەسازی و ژینگەیی بەكاری بهێنین.
 زیاتر گوتی "بەگوێرەی پڕۆژەكە ئەوا كۆمپانیا فڕەنسییەكە راهێنان بە كادیرانی عێراقی دەكات بۆ هەموو سێكتەرەكان و كۆمپانیایەكەش ئامادەیە بۆ پێشخستنی ئاسمانی عێراقی لەسەر شەپۆڵەكانی 65.45 و 50 پلە بەلای رۆژهەڵات".
جێی باسە وەزارەتی پەیوەندییەكان پێشتر بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست دواخستنی پڕۆژەی مانگی دەستكردی عێراقی راگەیاند بوو.
 


وشە - فه‌رمان سادق