بەهۆی بەریەككەوتنی دوو فڕۆكەی ئەمەریكی لە ئاسمانی ویلایەتی ئالاسكای ئەمەریكا، پێنج كەس گیان لەدەست دەدەن و دەیانی تریش بێسەروشوێنن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو
فڕۆكەی گەشتیاری كە ژمارەیەك گەشتیاریان هەڵگرتبوو لە ئاسمانی شاری كیتشیكانی ویلایەتی ئالاسكای باكوری رۆژئاوای ئەمەریكا بەریەككەوتن و بەهۆیەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان پێنج كەس گیانیان لە دەستداوە و دەیانی تریش بێسەروشوێنن.
فڕۆكەی یەكەم سەربە كۆمپانیای تاكوانی گەشتیارییە لە ویلایەتی ئالاسكا كە دەیان سەرنشینی گەشتیاری هەڵگرتبوو، خۆی بە فڕۆكەیەكی تری گەشتیار كێشاوە كە چوار گەشتیار سەرنشینی بوون، ئەو فڕۆکانە لە ئاسمانی یەكێك لە دەریاچەكانی ناوچەكە بەریەك كەوتن، بەمەش لە فڕۆكەی یەكەم نۆ كەس رزگاریان بووە و دەیانی تریش بێسەروشوێنن، بەڵام هەر چوار سەرنشینەكەی فڕۆكەكەی دووەم بێسەروشوێنن.
كۆمپانیای رۆیاڵ بزنسی گەشتیاری كە بەرپرسی یەكێك لە گەشتەكان بووە، رای گەیاند، پێنج كەس گیانیان لەدەست داوە و هێشتا گەڕان بە دوای ئەوانی تریش بەردەوامە. جیری كیفەر سەرۆكی تیمی رزگاركەر لە ناوچەكە دەڵێ، لە ئێستەدا ناتوانین هیچ یەك لە سەرنشینەكان بدۆزینەوە.
تا ئێستە هیچ زانیارییەك لە بارەی هۆكاری بەریەككەوتنی ئەو دوو فڕۆكەیە ئاشكرا نەكراوە.