دەرکەوتنی ورچێک لە چیاکانی سۆران دانیشتووانی ناوچەکە دڵخۆش دەکات

:: PM:03:25:14/05/2019 ‌


لە چیای حەسەن بەگی سەر بە شارۆکەی سۆران هاووڵاتییان وورچێکیان بینیوە و هەموو هەوڵێکیش دەدەن بۆ پاراستنی .

ئەمڕۆ سێشەم 14ی ئایار، ئومێد قادر پیشەی مامۆستایە لە گوندی هەسنانی بناری چیای حەسەنبەگ بە " وشە "ی راگەیاند، بە مەبەستی هێنانی گژ و گیای بەهاری چەند هاووڵاتییەکی گوندەکەمان روویان لە دەورووبەری چیای حەسەنبەگ کردبوو، لە چیاکە ورچێکییان بینیوە.


ورچەکە رەنگی زەرد بووە و ورچێکی گەورەبووە، لە زستانی رابردووشدا بە هەمان شێوە لە حەسەنبەگ وورچ بینراوە و بە تەمەنەکانی گوندەکەش ئاشکرای دەکەن، لە کۆندا ورچ هێلانەی لەو شوێنە هەبووە کە ئێستە لێی بینراوە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ هەبوونی ورچی زیاتر.


بە گووتەی مامۆستاکەی گوندی هەسنان، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی ورچەکە و لە رێگەی "وشە " خەڵک و گەشتیارانیش ئاگادار دەکەنەوە، هەر کەسێک نیازی هەبێت زیان بەو ورچە بگەیەنێت، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەن و رووبەڕووی دادگای دەکەنەوە.


ساڵی رایردوش ورچێک لە باڵەکایەتی دەرکەوت بەشێوەیەک لەگەڵ خەڵک تێکەڵ ببوو لە نێو بازاڕ و ماڵان دەبینرا و دوواتر گواسترایەوە باخچەی ئاژەڵان لە هەولێر .

هەژار ماهیر ئێدلبی سەرۆکی رێکخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە لە سۆران بە "وشە "ی راگەیاند، بەهۆی هەڵکەوتەی جیوگرافیای دەڤەری سۆران هەبوونی جۆرە ئاژەڵێکی کێوی وەک وورچ ئاساییە، ئەگەر خەڵک لە ناویان نەبەن ئێستە زۆر زیاتر ورچ و ئاژەڵەکانی تر بوونیان دەبوو، بەڵام بەداخەوە بەشێکی راوچییان بێ گوێدان بە تێکچوونی سرووشت و وێرانکردنی ژینگە بۆ خۆشی خۆیان ئاژەڵە کێوییەکان لە ناو دەبەن، دواجار بە هەبوونی ئەو ئاژەڵانە سرووشتی دەڤەرەکەمان جوانتر دەبێ .


زیاتر روونی دەکاتەوە، لە رێکخراوی وار هاوکار و هەماهەنگ دەبین بۆ مانەوەی ئەو ورچەی لە چیای حەسەنبەگ بینراوە و ئەگەر پێویستیش بکات خواردنیشی پێ دەگەیەنین، داواشی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ژینگەی سۆرن کرد، ورچەکە بپارێزن و هۆشداری بە خەڵک بدەن لەناوی نەبەن .

حەسەنبەگ چیایەکی بەرزە لە سنووری شارۆکەی سۆران و دەکەوێتە 170 کم باکوری رۆژهەڵاتی هەولێر، لە هەندێ شوێنی چیاکە چوار وەرزی ساڵ بەفری لێ رەش نابێتەوە، بەهۆی ساردی چیاکە لە ماوەی رابردوو ئاژەڵەکانی وەک بەراز و تورگ و گورگ و بزن و چەند ئاژەڵێکی تری کێوی بینراون .

سۆران - موڕشید برادۆستی



وشە - هیدایه‌ت جان