ناوی كاندیدانی یەكێتی بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە ئاشكرا بوو

:: AM:09:24:15/05/2019 ‌
لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی خۆیان كاندید كردووە و لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی یەكلا دەكرێنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئایار، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون لەناو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی سەركردایەتی ئەو حزبە چەند كەسێك خۆیان كاندید كردووە بۆ وەزیری پێشمەرگە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەت.

 لە زانیارییەكان هاتووە، ئەو كەسانەی خۆیان كاندید كردووە بریتین لە شۆڕش ئیسماعیل ئەندامی مەكتەبی سیاسی، مستەفا چاوڕەش و سیروان كوێخا نەجم لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی، جەبار یاوەر كە ئێستە پلەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەیە.

باس لەوەش كراوە، ئەو چوار كاندیدە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بڕیار لەسەر یەكێكیان دەدرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری پێشمەرگە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەت.

بەگوێرەی بەركەوتەكانی پێكهێنانی حكوومەت لە نێوان پارتی و یەكێتی، پشكی یەكێتی بریتی دەبێت لە شەش وەزارەت و وەزارەتی پێشمەرگەش لەناو ئەو وەزارەتانە بەو حزبە دەدرێت.




وشە - رامیار جەواد