كاری تاكسی بۆ فەرمانبەران درێژ كرایەوە

:: AM:10:28:15/05/2019 ‌
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی نوێ‌ دەردەكات و مۆڵەت بە شوفێرانی فەرمانبەر دەدات تا مانگی نۆ دەتوانن كار بە ئۆتۆمبێلەكانیان بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئایار، بەپێی بڕیارێكی كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ژمارە 8818 هاتووە، ئاماژە بەڕێنوێنی ژمارە یەكی ساڵی 2019 تایبەت بە ڕێكخستنی كاری شوفێری تاكسی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاری درێژكردنەوەی كاری تاكسی درا بۆ فەرمانبەران و هێزە تەناهییەكان.

لە بەشێكی بڕیارەكە هاتووە، بڕیار دراوە بە درێژكردنەوەی ماوەی جێبەجێكردنی مادەی شەش بڕگەی دووی ڕێنوێنییەكان تا رۆژی یەكی ئەیلوولی ئەمساڵە.

ئەو بڕیارەی وەزیری ناوخۆ لە كاتێكدایە لە سەرەتای ئەمساڵ بە بڕیارێك كاری تاكسی لە فەرمانبەران و هێزە تەناهییەكان قەدەغە كرا و ئەوەیش كاردانەوەی زۆری لێ كەوتەوە كە بەشێك لە فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگە بەهۆی كەمی مووچەكانیان ناچار بوون كارێكی تر بكەن.

پێشتر بەپێی ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ بەشێك لە فەرمانبەران ئەگەری وەستانی مووچەكانیان هەبوو بەهۆی جێبەجێ نەكردنی.






وشە - رامیار جەواد