دەرگای خۆپاڵاوتن داخرا و پینج کەس ناویان بۆ سەرۆکی هەرێم تۆمار کردووە

:: PM:12:10:15/05/2019 ‌

دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داخرا و پێنج كاندید خۆیان تۆمار كردووە و بەشێكیشیان كێشە لە سیڤییەكەیان هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەم، بەپێی ئەو كاتەی لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرابوو، لە سەعات 11ـی پێش نیوەڕۆ دەرگەی خۆپاڵاوتن داخرا و تا ئێستە پێنج كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەیە.

لەو كاندیدانەی تا ئێستە تۆمار كراون یەكێكیان تەمەنی 39 ساڵە و یەكێكیشیان كێشەی ناسنامەی هەیە كە ناسنامەی وڵاتێكی ئەوروپایە.

بڕیارە ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان سیڤی ئەو كاندیدانە بدات بە ئەندامان تا لە هەموو تێبینییەكان دواتر بۆ وەزارەتی داد و وەزارەتی ناوخۆ بنێردرێت و لە ماوەی 48 سەعات وەڵام بدرێتەوە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان كرد، ئەو وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژادرنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پێویستە كەسی پاڵێوراو نابێت تەمەنی لە 40 ساڵ كەمتر بێت و هیچ كێشەی لە پێشینەی نەبێت و توانای سیاسی هەبێت.


 



وشە - رامیار جەواد