پەیامی نهێنیی ئەمەریكا بۆ ئێران ئاشكرابوو

:: PM:12:28:15/05/2019 ‌

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە سەردانی كتوپڕی ئەمدواییەی بۆ عێراق پەیامێكی بە ئێران داوە و پەیامەكەش لە لایەن نوێنەری عادل عەبدولمەهدییەوە رادەستی ئێران كراوە.

هەندێك ئاژانسی هەواڵی نێودەوڵەتی بە پشتبەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێكراو باسیان لەوە كردووە كە مایك پۆمپیۆ بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقی گوتووە خوازیاری ئەوە نییە لەگەڵ ئێراندا بكەوێتە شەڕەوە، بەڵكو پێشنیاری ئەوەی كردووە بە یەكەوە رێككەوتنێكی نوێی ناوكیی واژوو بكەن.

عەبدولمەهدی لە وەڵامی داواكارییەكەی پۆمپیۆ گوتوویەتی ئێرانییەكان هەندێك لە خۆبایین و دووبارە بەوە رازی نین لە سەرەتاوە رێككەوتنێكی نوێ ئەنجام بدەنەوە، بەڵام لەوانەیە بەوە رازی بن چەند بڕگە و مادەیەكی تر بە رێككەوتننامەی ناوكیی زیاد بكرێت.

ماڵپەڕی "دانشجو" لە زاری سپوتنیك مێدڵست ئای نووسیویەتی دوای ئەمە مایك پۆمپیۆش ئەم بۆچوونەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی لا پەسند بووە و بە پێشنیارێكی باشی لە قەڵەم داوە.

رۆژی پاش سەردانەكەی پۆمپیۆ بۆ عێراق سەرۆك وەزیران نوێنەرێك رەوانەی تاران دەكات بۆ ئەوەی پەیامەكە بە بەرپرسانی ئێران بگەیەنێت.

جێی باسە لە چەند رۆژی رابردوودا كە ئەمەریكا پاپۆڕێكی گەورەی جەنگیی رەوانەی كەنداو كرد گومانی ئەوە دروست بوو جەنگێك لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا بێتە كایەوە.



وشە - سلێمان تاشان