وردەكاری شەڕەكەی نێوان توركیا و پەكەكە لە مێرگەسۆر

:: PM:02:57:15/05/2019 ‌

شەڕ و پێكدادانی دوێنی نێوان توركیا و پەكەكە لە سنووری مێرگەسۆر قوربانی لێ‌ كەوتەوە، هاووڵاتییەكی خەڵكی هەولێر و دوو فەرماندەی پەكەكە بوونە قوربانی. هاوكات ئەمڕۆیش لە سنووری ئامێدی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردمانیان دەست پێ كردووە. 

ئەمڕۆ چوارشەم 15ی ئایار، سەعدوون نەبی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، دوێنی لە شارەدێی شێروان مەزنی سەر بە شارۆكەی مێرگەسۆر لە ئەنجامی شەڕ و پێكداران لە نێوان چەكدادانی PKK و هێزەكەی سوپای توركیا، هاووڵاتییەك دەكەوێتە ناو شەڕ و پێكدادانەكە و ئەمڕۆ تەرمەكەی دۆزرایەوە.

زیاتر گوتی، هاووڵاتییەكە ناوی "لازم عەلی فەقۆ" تەمەن 60 ساڵان بووە و پیشەی پێشمەرگەی خانەنشین بووە و دانیشتووی شارەدێی بەحركەی شاری هەولێر بووە، بە مەبەستی گژوگیای بەهاری رووی لە ناوچەكە كردبوو.

ئەمە لە كاتێكدایە هەر دوێنی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئۆتۆمبێلی دوو فەرماندەی باڵای چەكدارانی پەكەكەیان لە گوندی كۆلیتی سەر بە شارەدێی سیدەكان كردە ئامانج و ئۆتۆمبێلەكە سووتا و یەكێك لە فەرماندەكان گیانی لە دەست دا و ئەوەی تریش بریندار بوو.

هەر پێوەند بە بۆردمانی توركیا، ئەمڕۆیش سنووری ئامێدی بۆردمان كراوە و لە سنووری سەرسەنگ فڕۆكەیەكی بێ‌ فڕۆكەوانی توركیا كەوتووەتە خوارەوە.

مێرگەسۆر/ موڕشید برادۆستی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم