13 دۆسیەی گەندەڵی رووبەڕووی پارێزگاری بەسڕە دەكرێتەوە

:: PM:06:39:15/05/2019 ‌
تا ئێستە ململانێیەكانی پێوەند بە پۆستی پارێزگاری بەسڕە یەكلا نەبووەتەوە، هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ لێپرسینەوە لێی لە ئەنجوومەنی پارێزگا. ئەندامێكی ئەنجوومەنەكە دەڵێ، 13 دۆسیە ئامادە كراوە رووبەڕووی بكرێتەوە بۆ سەندنەوەی متمانە لێی.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ی ئایار، عەلی فارس ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری بەسڕە رای گەیاند كە ئەنجوومەنی پارێزگا 13 دۆسیەی گەندەڵی لەسەر ئەسعەد عیدانی پارێزگاری شارەكە ئامادە كردووە بۆ لێرسینەوە و سەندنەوەی متمانە لێی كە گرنگترینیان دۆسیەی دامەزراندنی خەڵكە.

عەلی فارس دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەنجوومەنی پارێزگار پێداگیرە لە لێپرسینەوە لە ئەسعد عیدانی پارێزگار و تا دێت ژمارەی ئەوانەی واژوو بۆ لێپرسینەوە لێی دەكەن لە زیاد بوون دایە، گوتی "13 دۆسیەی گەندەڵی ئامادە كراوە و رووبەڕووی عیدانی دەكرێتەوە".

زیاتر گوتی "دیارترین دۆسیەكانیش ئەوانەن، دۆسیەی دامەزراندن لە پارێزگای بەسڕە، بەڵێندانی بە درۆ كە هیچ بەڵێنێكی نەگەیاندووەتە سەر، نەبوونی پڕۆژە لە شارەكە كە لە كاتی هاتنی تا ئێستە هیچ پڕۆژەیەك نەكراوەتەوە و تەنیا بەڵێنی داوە".

هەوڵدان بۆ سەندنەوەی متمانە لە عیدانی لە كاتێكدایە ئەو لە 27ی ئابی 2017 كراوە بە پارێزگار، واتە ساڵێك و هەشت مانگ و 18 رۆژ، تا ئێستە نەیتوانی داخوازی خۆپیشاندەرانیش جێبەجێ بكات كە هاوینی رابردوو بەهۆی نەبوونی كارەبا و ئاوی خواردنەوە و بێكاری دژ بە حكوومەت راپەڕین و خۆپیشاندانیانی گشتگیرییان ئەنجامدا.


وشە - فه‌رمان سادق