یاداشتێكیان داوه‌ته شاسوار عه‌بدولواحید و داواكاری گشتی
خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤی لاند ناڕه‌زایه‌تییان به‌رانبه‌ر بوونی كامێرای چاودێری له "پڕۆژه‌ی گه‌شتیاریی چاڤی لاند" به‌رز كردووه‌ته‌وه و له‌پێناو له‌كه‌دارنه‌بوونی پڕۆژه‌كه، داوای ڕوونكردنه‌وه‌یان له داواكاری گشتیی سلێمانی و شاسوار عه‌بدولواحید كردووه.
"چاڤی لاند" له‌گه‌ڵ دروستكردنیدا خه‌ڵكێكی زۆر وه‌ك خاوه‌ن پشك به‌شدارییان تێدا كردووه، له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تییه به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌و خاوه‌ن پشكانه به‌وه‌ی قازانجی پڕۆژه‌كه‌یان وه‌رنه‌گرتووه، ئێسته مه‌ترسیی كامێرای چاودێری له‌ناو چاڤی لاند و كابینه‌كانیدا ئه‌و پڕۆژه گه‌شتیارییه‌ی چۆڵ كردووه، ئه‌وه‌ش خاوه‌ن پشكه‌كانی نیگه‌ران كردووه.
ناڕه‌زایه‌تییه‌كه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه خاوه‌ن پشكه‌كان پڕۆژه‌كه به‌هی خۆیان ده‌زانن و ده‌ڵێن، "نه شاسوار عه‌بدولواحید و نه هیچ كه‌سێكی تر مافی شكاندنی شكۆی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی نییه".
ئه‌حمه‌د كه‌ریم /٤٢ ساڵ/ یه‌كێك له نوێنه‌رانی خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤی لاند به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، ئه‌و پڕۆژه‌یه به پاره‌ی خاوه‌ن پشكه‌كان دروست كراوه، بۆیه قبووڵی ناكه‌ین به كامێرای چاودێری ئه‌و پڕۆژه‌یه بشكێنرێت، ئه‌گه‌ر دڵنیا بین شتی وا هه‌یه، ئه‌وا خۆمان دیوار دیوار و كابینه كابینه هه‌مووی ده‌پشكنین و ئه‌و كامێرانه ناهێڵین.
به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌رده‌ست "وشه" له پڕۆژه‌ی چاڤی لانددا زیاتر له 10 هه‌زار پشك فرۆشراوه.
كه‌ریم گوتی، "بوونی كامێرای چاودێری ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌شكێنێت، خه‌ڵك له‌به‌ر ئابڕوو و نامووسی خۆی له‌به‌رچاوی ده‌كه‌وێت، ته‌نانه‌ت نایه‌ت بۆ یارییه‌كانیش، ئه‌وه‌ش له زیانی هه‌موو خاوه‌ن پشكه‌كانه، بۆیه پێمان قبووڵ ناكرێت."
ئاشكرابوونی كامێرای چاودێری و تۆماری كاته تایبه‌ته‌كانی خه‌ڵك دوای ته‌قینه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ هات كه شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، كاتێك شادی نه‌وزاد په‌رله‌مانتاری ئه‌و حزبه رای گه‌یاند كه هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته‌ی ڕووتی لێ كراوه. گوتی "ئه‌وانه‌ی چوونه‌ته كابینه‌كانی چاڤی لاند و گوندی ئه‌ڵمانی ته‌سویر كراون". دواتر ئاسایش ددان پێدانانی گرووپێكی سه‌ربه شاسوار عه‌بدولواحیدی بڵاو كرده‌وه كه ئه‌و ڕاستییه‌یان ددان پێدا نا.
هه‌موو ساڵێك و له وه‌رزی به‌هار و گه‌رمادا، چاڤی لاند یه‌كێك بووه له پڕۆژه قه‌ره‌باڵغه‌كان، به‌ڵام ئێسته به‌هۆی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌وه چۆڵییه‌كی زۆر به‌و پڕۆژه‌یه‌وه دیاره و خاوه‌ن پشكه‌كان ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی شاسوار عه‌بدولواحید.
ئیحسان قادر /٤٥ ساڵ/ خاوه‌ن پشك له چاڤی لاند به"وشه"ـی گوت، "شاسوار عه‌بدولواحید هه‌ر به‌وه‌وه نه‌وه‌ستا كه پاره‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی وه‌رگرتووه و تا ئێسته كه‌س دینارێكی قازانج وه‌رنه‌گرتووه، ئه‌مجاره‌یان به ئیشه پیسه‌كانی خه‌ریكه پڕۆژه‌كه‌یش له پێش چاوی خه‌ڵك ده‌شكێنێت و چیتر كه‌س ناچێته ئه‌وێ".
ئاماژه‌ی دا، "ئه‌مجاره هه‌موو خاوه‌ن پشكه‌كان به‌ڵێنمان داوه هه‌موو شتێك له‌گه‌ڵ شاسواردا یه‌كلا بكه‌ینه‌وه و چیتر ئاماده نین ئێمه دروستكه‌ری ئه‌و پڕۆژه‌یه بین، ئه‌ویش داهاته‌كه‌ی بخوات و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌پێناو مه‌رامه سیاسییه‌كانی، پڕۆژه‌كه له‌به‌رچاوی خه‌ڵ سووك بكات."
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤی لاند دوو یاداشتیان نووسیوه و دانه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی شاسوار عه‌بدولواحید كردووه و تێیدا داوایان كردووه له‌ناو چاڤی لانده‌وه ڕوونكردنه‌وه بۆ خه‌ڵك بدات، ئه‌گه‌ر شته‌كه ڕاسته داوای لێبوردن بكات و ئه‌گه‌ر واش نییه دڵنیاییه‌ك بدات كه خه‌ڵك بڕوای پێ بكه‌ن.
هاوكات یاداشتێكی تریان داوه‌ته داواكاری گشتیی سلێمانی و داوا ده‌كه‌ن هه‌رچی زووه دۆسیه‌ی بوون و نه‌بوونی كامێرای چاودێری له چاڤی لاند یه‌كلا بكه‌نه‌وه، تا هاووڵاتییان به تایبه‌ت كه ئێسته وه‌زری هاتنه ده‌ره‌وه‌یه، پڕۆژه‌كه‌یان لێ نه‌بێته شوێنێكی مه‌ترسیدار و ئه‌وانیش وه‌ك خاوه‌ن پشكه‌كان زیانمه‌ند بن.
به‌ڵام تا ئێسته له هیچ لایه‌كیانه‌وه وه‌ڵامیان وه‌رنه‌گرتووه.
"وشه" پێوه‌ندی كرد به ئارام سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێپێدراوی چاڤی لاند، به‌ڵام گوتی "ده‌ستم له نه‌وه‌ی نوێ كێشاوه‌ته‌وه و ئاماده‌ی هیچ لێدوانێك نیم".
سلێمانی/ هه‌ستی كه‌مال