پێویستە ئەو خواردنانە بۆ بەربانگ بخورێن

:: PM:06:50:15/05/2019 ‌
رۆژووگرتن لە رووی تەندروستییەوە سوودێكی زۆر بە لەش دەگەیەنێت و لە چەندان توێژینەوەی گرنگدا باس لە سوودەكانی رۆژووگرتن كراوە بۆ لەش، بەڵام پێویستە لەكاتی بەربانگ خواردنی تەندروست بخورێت بۆ ئەوەی وزەیەكی زۆر بەلەش بدات بۆ رۆژی داهاتوو كە توانای رۆژووگرتنت هەبێت.

یەكەم: شلەمەنی پێش خواردن، خواردنەوەی شلە وەكو ئاو، شەربەت و شیر رێگە لە وشكبوونەوەی لەش دەگرێت لەش پر دەكات لەو شلانەی كە پێویستن، ئاو باشترین سەرچاوەیە بۆ شێداركردنەوەی لەش، بۆیە پێویستە یەك بۆ دوو پەرداخ ئاو بخورێتەوە لەكاتی رۆژووشكاندندا نابێت لەكاتی خواردنی ژەمدا ئاو بخورێتەوە، چونكە كرداری هەرس هێواش دەكاتەوە. باشتر وایە وریابین لە ماتی خواردنی رەمەزاندا، چونكە برێكی زۆر شەكر و كالۆری تێدایە.

دووەم: خواردنی خورما، خواردنی خورما لەكاتی رۆژووشكاندا كارێكی دروستە، چونكە برێكی باش شەكری سروشتی بەلەش دەدات و وزەی پێویست بۆ لەش دابین دەكات، ئەگەر تووشی ژانەسەر بوویت لەكاتی رۆژووگرتندا رەنگە بەهۆی دابەزینی شەكری خوێنەوە بێت، بۆیە پێویستە دوو بۆ سێ‌ خورما بخۆیت بۆ ئەوەی ئاستی شەكری خوێنت ئاسایی ببێتەوە.

سێیەم: جامێك شۆربا بخۆ، شۆربا ژەمێكی پێویستە لەكاتی بەربانگ، چونكە برێكی زۆر ئاوی تێدایە كە لەش بەشێداری دەهێڵێتەوە بەتایبەتی شۆربایی نیسك، تەماتە، سەوزەوات، خۆت بەدوور بگرە لەو شۆربایانەی كە كرێمی تێدایە یان دەتوانرێت لە وەرزی هاویندا سوود لە شۆربایی سارد وەربگیردرێت بۆ شێداركردنەوەی لەش.

چوارەم: سەوزە بخۆ، سەوزە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و كانزا و ریشاڵ زۆر پێكهاتەی خۆراكی تر كە كالۆری لەش كەم دەكەنەوە. باشتر وایە لە دروستكردنی زەڵاتەدا بەكاربهێنرێت، هەروەها هەستی تێربوون بەلەش دەدات وا دەكات كەمتر نان بخورێت.

پێنجەم: كاربۆهیدراتی باش هەڵبژێرە، ژەمی ئیفتار پێویستە كاربۆهیدراتی باشی تێدابێت باشتر وایە ئالۆز بێت. وەكو برنجی قاوەیی، رشتەی دانەوێڵە، نان، پەتاتە، چونكە برێكی باش وزە بۆلەش دابین دەكەن و سەرچاوەیەكی باشی كانزا و ریشاڵن.

شەشەم: پرۆتینی لاواز هەڵبژێرە، لەبەربانگدا باشتر وایە پرۆتینی لاواز بخورێت كە زوو هەرسبكرێت هەموو ترشە ئەمینیە گرنگەكانی تێدا بێت، لەش ئەم ترشە ئەمینیانە بەكاردەهێنێت بۆ بارستەی ماسولكەكان باشترین جۆری پرۆتین وەكو گۆشتی گا، شیر، ماست، هێلكە، پەنیر، ماسی، گۆشتی پەلەوەر، كە هەموو ئەمانە جۆری باشی پرۆتینی لاوازن سوودێكی زۆر بەلەش دەگەیەنن. 

حەوتەم: بەهێواشی خۆراك بخۆ، بەپەلە مەبە لەكاتی نانخواردندا رەنگە ببێتە هۆی بەدهەرسی و گرفتەكانی گەدە، باشتر وایە بەشێك خۆراكی دیاریكراو بخورێت بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی قوورسبوونی لەش و بارگرانی لەكاتی رۆژووشكاندا، هەروەها بیرۆكەیەكی باشە بۆ كەمكردنەوەی كێش لەكاتی رەمەزاندا ئەگەر بەشێوەیەكی دروست بخورێت. 



وشە - ئاوات ئازاد