ئاماژەكانی هەڵگیرسان و هەڵنەگیرسانی جەنگی نێوان ئەمەریكا و ئێران

:: PM:08:21:15/05/2019 ‌
رووداوەكان زۆر بە خێرایی تێدەپەڕن، بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات لێدوانی ئاگرین دژ بە یەك دەدەن، هاوكاتی ئەوانە هەڵوێستی وڵاتانی تر هێندەی تر ئاماژەكانی هەڵگیرسانی جەنگێكی گەورە و بەرفراوان لەنێوان ئێران و ئەمەریكا لێدەدات، بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی هەندێك ئاماژە لە زاری بڕیار بەدەستانی هەردوو وڵات، روون دەبێتە كە شەڕ روو نادات.

دوای كشانەوە لە رێككەوتنی ناوەكی و بەرزكردنەوەی سزا ئابوورییەكان و گوشارەكان بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی ساڵی رابردوو، كەناڵەكانی پێوەندیی ئەمەریكا و ئێران بە جۆرێك ئاڵۆز و گرژ بووە، كۆشكی سپی ژمارە تەلەفۆنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵات لە رێگەی سوویسڕییەكانەوە بۆ بەرپرسانی ئێرانی رەوانە دەكەن بە مەبەستی ئەوەی بڕیار بە دەستانی تاران پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ترەمپ ئەنجام بدەن بۆ هێور كردنەوەی دۆخەكە، بەتایبەت كە ماوەی هەفتەیەك دەبێت ئەمەریكا هەرچی چەكی زەبەلاح هەیە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كردووە.

رووداوەكانی ئەمڕۆ چوارشەم 15ی ئایار، ئاماژەكانی جەنگێكی كراوە و فراوان لە نێوان هەردوو وڵات تۆختر دەكەن، بەتایبەت دوای بەیاننامەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق بۆ كەم كردنەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی ئاستی خوارەوە و رەوانە كردنەوەیان بۆ ئەمەریكا، هاوكات دووپات كرنەوەی هۆشداریدان بە هاووڵاتییانی وڵاتەكەیان لە گەشتكردن بۆ عێراق.

ئاماژەكانی روودانی جەنگ لە نێوان ئەمەریكا و ئێران:
راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە كشاندنەوەی هەندێك لە فەرمانبەرانی باڵوێزخانەكەی لە بەغدا و كونڵسخانەكەی لە هەولێر.
هەڵپەساردنی راهێنانی سەربازی بە سوپای عێراق لەلایەن ئەڵمانیا. 
هەڵپەساردنی كارە دیپلۆماتییەكانی باڵوێزخانەی هۆڵەندا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە عێراق.
 راگەیەندراوی رووسیا لە بارەی بارگرژییەكان، مۆسكۆ رای گەیاند هیچ گەرەنتییەكان لەلایەن ئەمەریكاوە بە دەستی نەگەیشتووە پێوەند بە ئێران.
كشاندنەوەی تیمە دەریاوانەكانی مندیز نونیز لەلایەن ئیسپانیا لە گرووپی دەریایی شەڕكەری ئەمەریكی كە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەوانەی كرد.
  
ئاماژەكانی روونەدانی جەنگ:
دڵنیایی عێراق كە رەوشی تەناهی زۆر سەقامگیرە.
دڵنیایی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێرانی بەوەی هیچ جەنگێك لە نێوان ئەمەریكا و ئێران روو نادات.
رەت كردنەوەی رەوانە كردنی 120 هەزار سەرباز لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران.
دووپات كردنەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كە واشنتن و تاران ویستی هەڵگیرسانی شەڕیان نییە.
 
لە نێوان ئاماژەكانی بەرپا بوونی جەنگ و ئاماژەكانی روونەدانی ئەو جەنگە، ئەوەی دەمێنێتەوە چاودێری كردنی دۆخەكەیە بۆ دوا سەعاتەكانی داهاتوو كە تای تەرازووی هەڵگیرسان و هەڵنەگیرسانی شەڕ بە كام لادا دەكەوێت.



وشە - فه‌رمان سادق