"سن" زیانی گەورە بە گەنمی جووتیارانی شارەزوور دەگەیەنێت

:: PM:08:23:15/05/2019 ‌
لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لە ناوچەی شارەزوور "سن"ی گەنم سەریهەڵداوەتەوە كە بەهۆیەوە زیان لە گەنمی جووتیاران دەدات و گوڵە گەنمەكانی دەخۆن و گەنمەكەیش خراپ و بێ كەڵك دەبێت.

ساڵانە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما مێرووی "سن" سەرهەڵدەدات لە كاتی دروستبوونی شیلەی گەنمەكە، سنەكە ئەو شیلەیە هەڵدەمژێت و گەنمەكە بێ ناوك دەمێنێتەوە و زیانێكی زۆر لە گەنمی جووتیاران دەدات و جوتیارێكیش دەڵێت، ئەگەر زوو فریای نەكەوی زیانی یەكجاری لەگەنمەكە دەدات.

كەمال رەحیم جووتیارێكی سنووری شارەزوور بە "وشە"ی راگەیاند، لە سنووری شارەزوور "سن" سەریهەڵداوە و داویەتی لە گەنمی جووتیاران، جووتیارانیش دەستیان بە رشتنی دەرمان كردووە تا زیانەكانی زیاتر نەبن.

روونیشی كردەوە كە "سن" لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دروست دەبێت و كاتێك لە گەنمەكە دەدات گەرا دادەنێت و دواتر ئەو گەرایە لەكاتێكدا گەنمەكە گوڵ دەكات دەست بە خواردنی شیلەی گەنمەكە دەكات تا گەنمەكە خۆی دەگرێت و رەق دەبێت ئەو سنە بەردەوام دەبێت لە خواردنی. 
" چارەسەری ئەو سنە ئاسانە و جووتیاران دەتوانن بە كەمترین كات و بە بڕێك پارەی كەم بە خێرایی رێگری لە تەشەنەكردنی ئەو سنە بگرن ئەویش بە رشتنی دەرمانی دژە سن كە گیراوەیەكەو لە بازاڕدا زۆرەو هەرزانە". جووتیارەكە وای گوت.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، ماوەی چەند ساڵە هیچ هاوكارییەك لە لایەن حكوومەتەوە ناكرێن لە پێدانی دەرمان و دابینكردنی بۆیان تەنیا خۆیان ئەو دەرمانە دابین دەكەن.

ئیبراهیم ئەحمەد جووتیارێكی ترە بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵانە مێرووی سن دەدات لە گەنمی جووتیاران و زیانێكی زۆر لە دوای خۆیان بەجێ دەهێڵێ‌، لە كوالێتی گەنمەكە كەم دەكاتەوە و بەهۆی ئەو مێرووەوە ساڵانە زیان دەكەین و لە نرخی خۆی بە كەمتر گەنمەكان دەفرۆشرێ‌.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم