تا دێت بەڵگەكان لەسەر رۆڵی توركیا لە یارمەتیدانی گرووپە تیرۆریستییەكان زیاتر دەبن، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان، توركیا یارمەتی توندڕۆكانی داوە و بە نهێنی بۆ سەر سنووری سووریا بردوونی. میدیایەكی سوویدیش دەڵێ، حكوومەتی توركیا 39%ی توندڕۆكانی ئازاد كردوون و رەوانەی سووریای كردوون.
لە ژمارەی ئەمڕۆ 15ی ئایار، ماڵپەری "
نوردیك مۆنیتۆر"ی سوویدی بە پشت بەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەكانی دەزگای هەواڵگری توركی دەڵێ، توركیا پشتگیری لە تیرۆر و توندڕۆكان كردووە بۆ ئەنجامدانی ئەجێندای تایبەت بە ئامانج و بەرژەوەندییەكانی توركیا، بۆ ئەمەش لە نێوان ساڵانی 2014 تا 2016، ئەنكەڕە زۆرینەی چەكدارە بیانییە توندڕۆكانی ئازاد كردووە كە توركیایان وەك وێستگەیەكی گەیشتن بە سووریا و عێراق بەكار هێناوە تا پێوەندی بە گرووپە تیرۆریستییەكان بكەن.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە دەسەڵاتدارانی توركیا 37%ی چەكدارانی بیانی گرتوون و 63%یشی ئازاد كردووە كە لە ماوەی ئەو سێ ساڵە گرتوونی، هاوكات پۆلیسی توركیش 311 توندڕۆی توركی لە گوندەكانی دەوروبەری سنووری نێوان توركیا و سووریا گرتووە و 39%ی لە گرتووخانەكان هێشتووەتەوە و 61%یشی لێ ئازاد كردوون، دواتر پۆلیس بە نهێنی گەیاندوونی بۆ سەر سنووری سووریا تا پێوەندی بە گرووپە توندڕۆكان بكەن بە تایبەت داعش و قاعیدە.
بەگوێرەی یەكێك لە بەڵگەنامەكان كە دزەی كردووە بۆ میدیا، ساڵی 2014 بە واژووی ئیسماعیل حەقی مووسا جێگری سەرۆكی هەواڵگری توركیا كە ئێستە باڵوێزی ئەو وڵاتەیە لە فڕەنسا، لەسەر بەڵگەنامەكەی نووسیوە پرسی گواستنەوەی چەكداران یەكێكە لە پرسە "نهێنییەكانی دەوڵەت".
بەڵگەنامەكە روونی دەكاتەوە كە شەوی نۆی كانوونی دووەمی 2014، پۆلیس بە دوو پاسی تایبەت چەكدارە توندڕۆكانی گواستووەتەوە بۆ سەر سنوور كە پێوەندییان هەبووە لەگەڵ دەزگای هەواڵگری میتی توركی " MIT ".
هەر لە بەڵگەكەدا ئاماژە بەوە دەكات چەكدارەكان بێ پشكنین لە گوندی ئاكجاكلی توركی لە خاڵی پشكنین پەڕیونەتەوە و سەعات پێنجی بەیانی چەكدارەكان بە هەموو چەكەوە لە پاسەكە دابەزیون، بۆ رۆژی دواتریش پاسەكان جارێكی تر گەڕاونەتەوە، بەڵام پۆلیس بە گومانی بوونی مادەی هۆشبەر لەناو ئەو پاسانەدا دەست دەكات بە پشكنین، بۆی دەردەكەوێت كە 40 سەندووقە فیشەكی هەڵگرتووە.
پۆلیس شوفێری هەردوو پاسەكە دەگرێت و دوای پێوەندی كردن بە خاوەنی كۆمپانیای پاسەكان، دان بەوەدا دەنێن كە پاسەكانیان لەلایەن میتی توركی بە كرێ گیراوە.
بەگوێرەی دانپێدانانی شوفێری هەردوو پاسەكە زیاتر لە 72 چەكداریان گواستووەتەوە سەر سنوور، بەڵام كۆمالی تولو داواكاری گشتی نوێ لە كەیسەكە هەر زوو هەوڵی داخستنی كەیسەكەی داوە و لە 28ی تشرینی دووەمی 2014 دۆسیەكە لەسەر میتی توركی داخرا.
راپۆرتەكەی میدیا سوویدییەكە یەكەم راپۆرت نییە دژ بە میتی توركی و تێوەگلانی توركیا لە یارمەتیدانی گرووپە توندڕۆكان، بەڵكو پێشتریش رۆژنامەی جمهوریەتی توركی بە بەڵگەی وێنە و ڤیدیۆ یارمەتیدانی میتی توركی بۆ گواستنەوەی چەك و چەكداران بە پاسی تایبەتی خۆیان بۆ سووریا، بڵاو كردبووەوە.