به‌ڵگه‌.. بڕیاری گرتنی شاسوار عەبدولواحید دەرچوو

:: PM:08:52:15/05/2019 ‌
دادگای سلێمانی بڕیاری گرتنی بۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ دەركرد ئەوەیش دوای ئەوەی تۆمەتبار كراوە بەگوێرەی یاسایی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پێوەندی و گرتنی گرووپێكی نزیك لەو لەماوەی ڕابردوودا.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 15ی ئایار، سەرچاوەیەك لە دادگای سلێمانی كە بەهۆی هەستیاری دۆسیەكە ئامادەنەبوو ناوەكەی بڵاو بكاتەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوێنی لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتیی بڕیاری گرتن بۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ دەرچووە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بڕیارەكە بەگوێرەی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پێوەندی دەرچووە ئەوەیش دوای ئەوە لە چەند ددانپێدانانێكدا ناوی شاسوار هێنرابوو.

"وشە" چەند جارێك پێوەندی بە گوتەبێژی دادگای سلێمانییەوە كرد، بەڵام ژمارەكەی داخرابوو.

مانگی ڕابردوو پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، لەلایەن شاسوار عەبدولواحید و گرووپێكی نزیكیەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی فیلم و وێنەی ڕووتی لێ‌ كراوە و سكاڵای لە دادگا تۆمار كرد. هاوكات لەسەر بنەمای ئەو سكاڵایە چەند كەسێك لە نەوەی نوێ‌ گیران و ددانپێدانیان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بڵاو كرایەوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم