نرخی زەوی و خانوو لە كوردستان ڕوو لە دابەزینە

:: PM:09:26:15/05/2019 ‌
بەهۆی گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان ئەمەریكا و ئێران بازاڕی خانووبەرە و زەوی لە هەرێمی كوردستان رووی لە سستی كردووە، بەجۆرێك كاریگەری لەسەر هەلی كاریش دروستكردووە.

نەبەز جەزا، خاوەنی نووسینگەی سروشتی شارباژێڕ بۆ كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، دوای نەمانی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران خەڵك ئومێدێكی باشی بۆ دروست بوو، بۆیە رووی لە كڕینی زەوی و خانوو كردبوو بە جۆرێك لە شەش ساڵی رابردوودا نمونەی نەبوو.

زیاتر گوتی، نرخی زەوی و خانوو بە جۆرێك هەڵكشا گەیشتەوە ئاستە پێوانەیەكەی خۆی خەڵك ئومێدی زۆر هەبوو ئابووری كوردستان بەتەواوی ببوژێتەوە بە تایبەتی كە لە بودجەی عێراقدا پشكی هەرێم بێ مەرج دانرابوو.

خاوەنی ئەو نووسینگەیە گوتی، دواكەوتنی رێككەوتنی لایەنە براوەكانی هەرێم بۆ پێكهێنانی حكوومەت گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران، هاووڵاتییانیان بە جۆرێك ترساندەوە كە ئەو پارانەی هەیانە لە كڕینی زەوی و خانوو خەرجی نەكەن، چونكە خەڵك ترساوی دەستی جەنگە.

لای خۆیەوە دلێر مەحموود شارەزای ئابووری لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە هەر جێگەیەك دەنگۆی جەنگ و پێكدادان هەبێت، كاریگەری لەسەر بازاڕ دروست دەكات بەتایبەتی لەسەر بازاڕی زەوی و خانوو و ئۆتۆمبێل ئەوانەی نرخیان بەرزە، چونكە خەڵك ناوێرێت پارەكەی خەرج بكات.

روونیشی كردەوە، كاتێك بازاڕی خانووبەرە و زەوی ڕووی لە سستی كرد، ئەمە وا دەكات هەلی كاریش كەم ببێتەوە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم