دۆخى نائاسایى كه‌ركووك و كۆنه‌بوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكه‌ی، مه‌ترسیی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌ى له‌لایه‌ن به‌غداوه بۆ كه‌ركووك دیاری كراوه. ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك/ یه‌كێتى/ ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ئه‌نجوومه‌ن كۆ نه‌بێته‌وه، ئه‌و پاره‌یه ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه. له به‌رانبه‌ردا سه‌رچاوه‌یه‌ك رای ده‌گه‌یه‌نێت كه یه‌كێتى ده‌یه‌وێ له‌و ڕێیه‌وه گوشار بخاته سه‌ر ئه‌ندامانى پارتى تا بگه‌ڕێنه‌وه.
حكوومه‌تی عێراق مانگى ڕابردوو بڕی 63 ملیار دیناری پترۆدۆلاری بۆ كه‌ركووك ناردووه، له‌گه‌ڵ 450 ملیار دیناری تر وه‌ك به‌شه بودجه‌ی پارێزگاكه بۆ 2019، بۆ خه‌رجكردنى ئه‌و پاره‌یه‌ش به‌پێى یاسا پێویسته ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك په‌سه‌ندى بكات و كۆ ببێته‌وه.
هه‌رچه‌نده پێشتر ده‌سه‌ڵاته ئیدارییه‌كان درابوو به جه‌مال مه‌ولوود ئه‌ندامى یه‌كێتی له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى ده‌وام ناكات ناتوانێ بڕیار له‌سه‌ر خه‌رجكردنى ئه‌و پاره‌یه بدات.
به‌ڵام ئه‌ندامانى یه‌كێتى له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك بانگه‌شه‌ى ئه‌وه بڵاو ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌گه‌ر ئه‌نجوومه‌ن كۆ نه‌بێته‌وه و ئه‌ندامه پارتییه‌كان نه‌گه‌ڕێنه‌وه، ره‌نگه ئه‌و پاره‌یه بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ به‌غدا و كه‌ركووك له بودجه بێبه‌ش بێت. له به‌رانبه‌ردا محه‌مه‌د كه‌مال سه‌رۆكى لیستى برایه‌تى له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك /پارتی/ ڕه‌تى ده‌كاته‌وه ئه‌و پاره‌یه بگه‌ڕێته‌وه و ده‌ڵێ، ئه‌نجوومه‌ن ده‌توانن به‌بێ ئه‌ندامانى پارتى كۆ ببنه‌وه.
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك /یه‌كێتى/ بۆ "وشه" گوتى، ئه‌و پاره‌یه‌ى به‌غدا وه‌ك بودجه یان پترۆدۆلار ناردوویه‌تى بۆ كه‌ركووك، پێویسته له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووكه‌وه له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا په‌سه‌ند بكرێ.
ڕوونی كرده‌وه "ئێسته به‌شێكى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌ن ئاماده نین و وه‌ك هه‌میشه ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ناتوانێ كۆ ببێته‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌نجوومه‌ن كۆ نه‌بێته‌وه، ئه‌و پاره‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌غدا".
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌سه‌ڵاته ئیدارییه‌كانى جگه له ڕێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆك، داوه‌ته كه‌سێكى تر و ده‌توانێ بڕیار بدات. عه‌سكه‌رى گوتى، "سه‌رۆكى كاتى ئه‌نجوومه‌ن ده‌وام ناكات و ناتوانێ بڕیار بدات".
سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ویستى كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌وباره‌یه‌وه بكات، به‌ڵام ته‌نیا 19 ئه‌ندام ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه بوون له كۆی 41 ئه‌ندام، به‌هۆیه‌وه كۆبوونه‌وه‌كه بۆ جاری سێیه‌م شكستی هێنا.
محه‌مه‌د كه‌مال سه‌رۆكى لیستى برایه‌تى له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ڕه‌تى كرده‌وه كه ئه‌و پاره‌یه‌ى وه‌ك پترۆدۆلار و بودجه بۆ كه‌ركووك ڕه‌وانه كراوه بگه‌ڕێته‌وه به‌غدا و بۆ "وشه" گوتى، "ئه‌و پاره‌یه‌ی هاتووه تازه ناگه‌ڕێته‌وه و تایبه‌ت كراوه بۆ كه‌ركووك".
ئاماژه‌ی دا "ئه‌گه‌ر خه‌رجكردنى ئه‌و پاره‌یه پێوه‌ندى به كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نه‌وه هه‌یه و پڕۆژه‌كان وه‌ستاون، ئه‌نجوومه‌ن له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌ندامانى پارتى په‌كى نه‌كه‌وتووه و ده‌توانن بۆ ئه‌و پرسه كۆ ببنه‌وه".
ڕوونیشى كرده‌وه، هه‌وڵێك هه‌یه تا ده‌نگى گه‌ڕانه‌وه‌ى پاره‌كه بكرێت به گوشار بۆ پێشاندانى دۆخى كه‌ركووك به ئاسایى، له كاتێكدا دۆخى كه‌ركووك هێشتا ئاسایى نییه.
سه‌رچاوه‌یه‌كى ناو ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك بۆ "وشه" رای گه‌یاند، ئه‌ندامه یه‌كێتییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌یانه‌وێ به دروستكردنى گوشارى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌یه ئه‌ندامانى پارتى بگه‌ڕێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه ناگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌غدا.
ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا له 41 ئه‌ندام پێكدێت، 26 ئه‌ندامی له لیستی برایه‌تییه و كوردن، توركمان نۆ ئه‌ندام، پێكهاته‌ی عه‌ره‌بیش شه‌ش ئه‌ندامیان هه‌یه، هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی پێویستی به ئاماده‌بوونی 50+1ی ئه‌ندامان هه‌یه.
كه‌ركووك له 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017ه‌وه له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه داگیر كراوه به‌هاوكاری باڵێكی یه‌كێتی، به‌هۆیه‌وه دۆخى ته‌ناهیی و ئیدارى شاره‌كه تێكچووه، ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌ن و سه‌رۆكى شه‌رعى ئه‌نجوومه‌نیش به‌هۆى ترس له گیانى خۆیان و داگیركردنی ماڵیان، ناگه‌ڕێنه‌وه شاره‌كه.
*
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری: سه‌رۆكى كاتى ئه‌نجوومه‌ن ده‌وام ناكات و ناتوانێ بڕیار له‌سه‌ر پاره‌كه بدات
*
ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌ن: پاره‌كه ناگه‌ڕێته‌وه به‌غدا و یه‌كێتی كردوویه‌تی به گوشار.