پارێزگای مووسڵ هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان چڕ دەکاتەوە

:: PM:12:12:16/05/2019 ‌

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ ئاشکرای دەکات، لە ھەوڵی گەراندنەوەی ئاوارەکانی مووسڵداین، چونکە تا ئێستا نزیکەی 700 ھەزار ئاوارە نەگەڕاونەتەوە وھۆکارەکەشی نەبوونی خزمەتگوزاری و تەناهییە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی ئایار، سەیدۆ چەتۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پلانێکیان داناوە بۆ گەراندنەوەی ئاوارەکان وداوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە بەربەستەکان نەھێڵن و تەناهی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت و خزمەتگوزاری دابین بکرێت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەوانەی نەگەڕاونەتەوە زۆربەیان بەهۆی ترسە لە نەبوونی تەناهی، خەڵکی شنگال لەترسی پەکەکە و حەشدی شەعبی ناگەڕێنەوە، بۆیە کار دەکەین بۆ ئەوەی ھەموان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، چونکە ناکرێت لەمە زیاتر لە ئاوارەییدا بژین.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ ئاشکرای کرد، تا ئێستا 650ھەزار بۆ 700ھەزار ئاوارە لە سنووری مووسڵ بەگشتی ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە و لەکەمپەکان ژیان بەسەردەبەن ، بۆیە پێویستە بگەڕێنەوە بۆسەرماڵوحاڵی خۆیان و تەناهی و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکرێت، لەبەر ئەوەی چەند ساڵە موسڵ رزگار کراوە و ھیچیش نەکراوە بۆ گەڕاندنەوەی خەڵکەکەی.

بڵند ئیبراھیم



وشە - هیدایه‌ت جان