ئەمەریكا هواوی دەخاتە لیستی رەش و چین بەدەنگ دێت

:: PM:01:12:16/05/2019 ‌
دوای ئەوەی ئەمەریكا كۆمپانیای هواوی و 70 كۆمپانیای تری چینی خستە لیستی رەش، گوتەبێژی وەزارەتی بارزگانی چینی رای گەیاند، وڵاتەكەی بە توندی دژی ئەو بڕیارە تاكلایەنییەی واشنتن دەوەستێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی ئایار، وەزارەتی بازرگانی ئەمەریكی رای گەیاند كە هواوی تەكنەلۆجیز و 70 كۆمپانیای تری چینیان خستووەتە لیستی رەش، بەمەش رێ بە كۆمپانیاكە نادرێت دەستی بگات بە هەندێك پێكهاتەی تەكنەلۆجی لە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بێ رەزامەندی حكوومەتی ئەمەریكا.

ئەو هەنگاوەی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریكی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ پشتگیریی لێ كراوە، تەنانەت فراوانتریش كراوە كە رێ بەو كۆمپانیایانە نەدرێت تەكنەلۆجیای ئەمەریكی بەكار بهێنن، بە پێچەوانەوەش رێ بە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان نادرێت كە ئامێرەكانی پێوەندی كۆمپانیا بیانییەكان بەكار بهێنن، ئەو پرسەشی بەستووەتەوە بە ئاسایشی نەتەوەیی.

ئەو بارگرژییە نوێیە لە كاتێكدایە چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی نزیكی داهاتوودا ستیڤن منوچن وەزیری دارایی ئەمەریكا سەردانی چین بكات بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكان.

ئەو جەنگەی ئەمەریكا دژ بە هواوی لە كاتێكدایە چەند جارێكی تر كۆمپانیاكە رای گەیاندووە نەبووەتە هەڕەشە بەسەر ئاسایشی هیچ كەسێك، ئامادەیشی دەربڕی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكوومەتی ئەمەریكی بۆ گرتنەبەری رێكاری كاریگەر و دانی دڵنیایی كە بەرهەمەكانی سەلامەتن و كێشە دروست ناكەن.

بەرانبەر بە بڕیارەكەی ئەمەریكا، قاو فنغ گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی چینی نیگەرانی توندی پەكینی لەسەر بڕیارەكەی دژ بە هواوی راگەیاند.

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی چین گوتی، "دژی هەر بڕیارێكی تاكلایەنە دەوەستینەوە لەسەر كۆمپانیا چینییەكان". زیاتر گوتی "چەمكی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئەمەریكا خراپ بەكار دەهێنرێت و پێویستە بەمجۆرە بەكار نەهێنرێت دژ بە كۆمپانیا بیانییەكان بكرێت بە پارێزبەندییەك بۆ كۆمپانیا ناوخۆییەكان".


وشە - فه‌رمان سادق