هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان دەستی پێ کردووە

:: PM:03:05:16/05/2019 ‌

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، بۆ چارەسەری دۆخی ناوچە کوردستانییەکان چەند هەنگاوێک پێویستە و یەکەم هەنگاویش گەرانەوەی هێزی پێشمەرگەیە و لە رێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو بابەتەین.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ی ئایار، د. ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقبە "وشە"ی ڕاگەیاند، چەند هەنگاوێک پێویستە بۆ چارەسەری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەوانە ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک، گەرانەوەی ھێزی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی ھێزی سەربازی، لادانی پارێزگاری ئێستادا ودانانی پارێزگارێکی نوێ

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئێمە لەسەر خەتین بۆ ئەوەی ئەوکێشانەی ھەیە چارەسەریان بکەین و پشتگیری تەواوی کوردانی ناوچە کوردستانییەکان دەکەین.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دووپات لەوە دەکاتەوە، پارێزگاری کەرکووک و دەسەڵاتی سەربازی لەو پارێزگایە پشتگیری لە عەرەبی ھاوردە دەکەن بۆ ستەم لە کورد بکەن و چەندین ماڵی کورد لە پەلکانە زوڵمیان لێ دەکرێت و ئێمەش وەکو فراکسیۆنە کوردییەکان دژی ئەو کارە نایاساییەین و پشتگیری لە کوردانی ئەوناوچانە دەکەین.

"سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین کە ئەو کێشەی چارەسەر کرد وئەوکەسانەی گیرابوون بە هەوڵەکانی ئەو ئازاد کران و ئەو عەرەبە ھاوردانەش کە هێرشیان کردبۆ سەر گوندەکە گیران" د. ڤیان وای گوت.

لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە ناوچە کوردستانییەکان دروست بووە د. ڤیان ئاماژە بۆ ئەوە دەدات، بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە پێویستە پێشمەرگە بگەرێتەوە و دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، هەروەها دەستھەڵاتی سەربازی لە کەرکووک نەمینێت و پارێزگارێکی نوێ بۆ ئەو شارە دیاری بکرێت، ئەمەش پێویستی بە یەکدەنگی کورد ھەیە و پێویستە ئەو کێشەیە لەنێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم وبەغدا لەرێگەی مادەی140 چارەسەر بکرێت.

ئاشکراشی کرد، فراکسیۆنە کوردییەکان هەوڵەکانیان چڕتر کردۆتەوە لەرێگەی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان بۆ ئەوەی ئەوکێشەیە چارەسەر بکرێت.

هەولێر/ بڵند ئیبراھیم



وشە - هیدایه‌ت جان