ئەڵمانیا لەڕووی سەربازییەوە خۆی دەگەیەنێتە شانی ئەمەریکا

:: PM:12:24:18/05/2019 ‌

بەرپرسانی ئەمەریكا بەردەوام تانەی ئەوەیان لە ئەڵمانیا داوە بودجەی سەربازیی لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا لە ئاستێكی نزمدایە، ئەمساڵ بۆ یەكەمجار ئەڵمانیا بڕیاری زیادكردنی بودجەی سەربازی دەركرد و لەدوای كۆتایی شەڕی ساردەوە بودجەی تەرخانكراوی ئەڵمانیا بۆ بواری سەربازی گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی.

لەدوای هاتنەسەر كاری دۆناڵد ترەمپ، كۆشكی سپی بڕیاری دا پێداچوونەوە بە سیاسەتە سەربازییەكانیدا بخشێنێتەوە و سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان رای گەیاند، وڵاتانی هاوبەش لە هاوپەیمانێتی ئەتلەنتیكی باكور "ناتۆ" پێویستە بودجەی سەربازییان بگەیەننە ئاستی 2٪ی داهاتی وڵاتەكەیان و رەخنەی توندی لە ئەڵمانیا گرت بەوەی دەوڵەمەندترین وڵاتی ئەوروپایە و كەمترین بودجەی بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە تەرخان كردووە.

ئەمساڵ بودجەی سەربازی ئەڵمانیا 47 ملیار و 320 ملیۆن یۆرۆیە و ئەمەیش پێشانی دەدات حكوومەت بڕیاری داوە رەچاوی رەخنەكانی كۆشكی سپی بكات، لەبەر ئەوەی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2018 بودجەی سەربازی ئەڵمانیا پێنج ملیار یۆرۆ زیادی كردووە كە دەكاتە نزیكەی 1.37٪ لە داهاتی گشتی وڵات.

بەپیی لێدوانی بەرپرسانی ئەڵمانیا ئەو بودجەیە بۆ ساڵی 2020 زیاتر بەرز دەبێتەوە، بەپێی ئەو ئامارەی هەفتەی رابردوو ئەڵمانیا داویەتییە ناتۆ، بودجەی سەربازی كۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا دەگاتە 49 ملیار و 670 ملیۆن یۆرۆو ئەو بڕە پارەیە دەكاتە 1.38٪ی بودجەی گشتی، بەڵام لە ساڵی 2018  بڕی بودجەی سەربازی بە رێژەی 1.23٪ی داهاتی گشتی ئەڵمانیا بوو.

ئەڵمانیا لەدوای بەرزكردنەوەی بودجەی سەربازی ئێستە دەیەوێ كۆتایی بەو مشتومڕانە بهێنێت كە لەناو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دروست بووە.

دۆناڵد ترەمپ چەندان جار رەخنەی توندی لە ئەڵمانیا گرتووە بەوەی بودجە سەربازییەكەی وەك ئەندامێكی سەرەكی لە ناتۆ لە ئاستێكی یەكجار نزمدایە و رای گەیاندبوو، لەناو وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ، بودجەی سەربازی ئەڵمانیا نزمترینە.

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەڕەشەی ئەوەی كرد، ئەگەر وڵاتانی ئەندام بودجەی سەربازییان نەگەیەننە ئاستی 2٪ی بودجەی گشتی وڵاتەكانیان، ئەوا ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ دەكشێتەوە، دووپاتی لەوە كردەوە، ئەڵمانیا تەنیا 1٪ی داهاتی گشتی بۆ بەشی سەربازی تەرخان كردووە و ئەوەش جێی قبووڵكردن نییە.

ساڵی 2014 وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ بڕیاریان دا تا ساڵی 2024 سەرجەمیان بودجەی سەربازییان بگەیەننە ئاستی 2٪ی داهاتی گشتی وڵاتەكانیان. ئەڵمانیا دەڵێ، بەرزكردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی بودجەی سەربازی بۆ ئەو بڕیارەیە كە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا دراوە و نیازی هەیە پابەندبێ بەوەی تا ساڵی 2024  رێژەكەی بگەیەنێتە 2٪ی داهاتی گشتی وڵاتەكەی.

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە سەردانێكیدا بۆ واشنتن بە میدیاكانی راگەیاند، ئەڵمانیا تا ساڵی 2024 بودجەی سەربازی دەگەیەنێتە 1.5٪ی بودجەی گشتی و دواتر ئەو رێژەیە راستەوخۆ دەگاتە 2٪ی كۆی داهاتی گشتی وڵات.

بڕیارە كۆتایی مانگی حوزەیران وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیتی ناتۆ كۆ ببنەوە یەك لە بابەتە سەرەكییەكانی ئەو كۆبوونەوەیە خستنە بەرباسی بودجەی سەربازییە.

وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ هیوای ئەوەیان دەخواست ئەمەریكا بە دابینكردنی بودجەی 2٪ی كۆی داهاتی گشتی بۆ بەشی سەربازی كە لەلایەن هاوپەیمانێتییەكەوە بڕیاری لەسەر درابوو، رازی ببێت، واشنتن لەو رووەوە هیوابڕاوی نەكردن و زەوینەی بۆ جێبەجیكردنی بڕیارەكەیان لەبارتر كردووە.

بەڵام مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لە یادی 70 ساڵەی دامەزرانی هاوپەیمانیتی ناتۆ لە واشنتن بە توندی هێرشی كردەسەر سیاسەتە سەربازییەكانی ئەڵمانیا و رای گەیاند، ئەڵمانیا بەهێزترین ئابووری ئەوروپای هەیە، بەڵام كەمتر 2٪ی داهاتی گشتی تەرخان كردووە بۆ بودجەی سەربازی وڵاتەكەی.

ئەڵمانیا هەم لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و هەم لەلایەن ئەمەریكاوە پاڵەپەستۆیەكی زۆری خراوەتە سەر بەوەی بودجەی سەربازی بگەیەنێتە ئەو ئاستەی ناتۆ بڕیاری لەسەر دابوو و خۆیشی یەك لەو وڵاتانە بوو كە پەسندی ئەو بڕیارەی كردبوو، هەرچەند لە رەخنەكانیدا ئەمەریكا و بەتایبەت سەرۆكی ئەو وڵاتە ئەنجێلا مێركل بە هۆكاری پشتگوێخستنی سێكتەری سەربازی ئەڵمانیا تۆمەتبار دەكەن.

وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا دەڵێ ئەگەر بەرلین ساڵانە شەش بۆ هەشت ملیار یۆرۆ بخاتە سەر بودجەی سەربازی، تا ساڵی 2024 بودجەی سەربازی دەگاتە 85 ملیار یۆرۆ و لە دوای ئەمەریكا زیاترین بودجەی سەربازی دەبێت لەناو هاوپەیمانێتییەكە.



وشە - هیدایه‌ت جان