بازرگانان بە شەو خۆراکە بەسەرچووەکانیان ساغ دەکەنەوە

:: PM:01:33:18/05/2019 ‌

بەهۆی زۆربوونی رێژەی خۆراكی ماوەبەسەرچوو بەرپرسانی یەكە كارگێڕییەكانی گەرمیان ناچارن بۆ چاودێری كردنیان بە شەوانە بچنە بازاڕ، چەند دوكاندارێكیش دەڵێن، شەوانە خۆراك و شمەكی بەسەرچوو لە رێگەی ئۆتۆمبێل و عەرەبانەوە دەبرێتە كۆڵانەكان و بە هاووڵاتییانی دەفرۆشنەوە.

ئەمڕۆ شەموو 18ی ئایار، سیروان حەسەن بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی كەلار بە "وشە"ی راگەیاند، هەڵمەتەكانی گەڕان و پشكنین بۆ نێو بازاری كەلار بەردەوامی هەیە، چونكە خواستیهاووڵاتییان لەسەر خواردن و شیرینی و خواردنەوەكان لەو مانگەدا زیادی کردووە، ئەمشەو لە هەڵمرتێدا زیاتر لە 20 شوێنی كار و دوكان و عەرەبانە بە پیبژاردنی ماددی سزادران و ژمارەیەكی دیكە ئاگادار كرانەوە و ڕێنمایی پێویستیان پێدرا، هاوکات ژمارەیەك خواردنەوەی بەسەرچووش لە دوكانێكی شیرەمەنی دەستی بەسەردا گیرا.

کۆمەڵێک بازرگان بەهۆی تەنگژەی دارایی ساڵی رابردوو خۆراک و بابەتی بەسەرچوویان زۆر بەسەردا ماوەتەوە و بەپیی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری وشە کەوتووە، زۆربەی ئەو بابەتە بەسەرچووانەیان داناوە لە رەمەزاندا لە بازاڕ ساغی بکەنەوە، ئەحمەد تاهیر وەك دوكاندارێكی كەلار بۆ"وشە" دەڵێ، ئەگەر ئەوان ناوبدەن بە لیژنەكانی حكوومەت، تووشی گرفت دەبن، دەبێ حكوومەت خۆی هاوشێوەی بازاڕ چاودێری كۆڵانەكان بكات.

حیكمەت ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و بازرگانی گەرمیان بۆ "وشە" رای دەگەیەنیت ، هەركەس دەزانێ لەبازاڕەوە خۆراكی خراپ براوتە كۆڵانەكان ئاگادارمان بكاتەوە ئێمە سوپاسی دەكەین و سەرپێچیكار سزا دەدەین .

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و بازرگانی گەرمیان نایشارێتەوە کە ساڵانی رابردووش هەوڵی لەو شێوەیە هەبووە و سەرباری ئەوەیش دەڵێ، تا ئێستە هیچ هاووڵاتییەک لە فرۆشتنی خۆراک و مادەی بەسەرچوو لە کۆڵانەکاندا ئاگاداریان نەکردوون و بە پێویستی دەزانیت هاووڵاتییان هاوکاریان بن لەبەر ئەوەی بابەتەکە پێوەستە بە تەندروستی گشتییەوە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی





وشە - هیدایه‌ت جان