لە كوردستان كەلوپەلە خراپەكانی ئۆتۆمبێل بە ماڕكە دەفرۆشرێن

:: PM:03:27:18/05/2019 ‌

بەهۆی زۆربوونی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كورستان، كەرەستە و كەلوپەلەكانیشی خواستی زۆریان لەسەرە، رۆژانە هاووڵاتییان و شوفێران بەمەبەستی پێداویستی و چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلەكانیان روو لە ناوچەكانی پیشەسازی دەكەن. بەڵام ئەوەی بووەتە جێی نیگەرانی، خراپی كوالێتی پێداویستییەكانە و ئەوان ناتوانن باش و خراپی كەرەستەكان لەیەكتر جیا بكەنەوە و لەلایەن بەشێك لە فرۆشیاران پارچەی یەدەگی خراپیان بە ماركە پێ دەفرۆشرێتەوە.

رەقیب عەبدوڵا خاوەنی ئۆتۆمبێلە و دانیشتووی شارۆكەی سۆرانە بۆ "وشە" دەڵێ، هەر كاتێك روو لە دووكانێكی ناوچەی پیشەسازی بكەین و داوای هەر پێداویستییەكی ئۆتۆمبێل بكەین، فرۆشیار دەڵێ، خراپت دەوێ یان باش؟ لە كاتێكدا چەندان جار پێداویستیی خراپیان بە ماركە و باش پێ فرۆشتووین .

زیاتر روونی دەكاتەوە، پێداویستییەكان لە رەنگ و كارتۆن و زەرف و لۆگۆ و كۆدەكانیان لەیەك دەچن و هەموو پارچە یەدەگەكان باش و خراپیان هەیە و بۆ ئێمە زەحمەتە لە یەكیان جیا بكەینەوە مەگەر فرۆشیارەكان بۆ خێری خۆیان و ویژدانیان قسەمان بۆ بكەن، پێویستە حكوومەت سیستمێك بۆ فرۆشتنی كەرستەكانی ئۆتۆمبێل دیاری بكات، تا بە روونی دیار بێ كامە كەرەستەی خراپە و كامە ماركەیە.

باوكی سائیب خاوەن دووكانی فرۆشتنی كەلوپەلی ئۆتۆمبێلە لە ناوچەی پیشەسازی سۆران، وەك بۆ "وشە"ی باس دەكات، كەرەستە و پێداویستی ئۆتۆمبێل جۆر و ماركەی جۆراوجۆری هەیە، بازرگانان لە چەند وڵاتێك هاوردەی كوردستانی دەكەن لەوانە وڵاتی چین، كۆریا، ژاپۆن و چەند وڵاتێكی تر كە بێگومان كەرەستەی ماركە هەیە و لە هەمان كات كەرستەی خراپ و تەقلیدیش هەیە و دەبێ شۆفێران ئاگادار بن و لەكاتی كڕینیدا بە باشی لێی ورد ببنەوە.

بە زانیارییەكانی ئەو خاوەن دووكانە، فرۆشیار هەیە گوێ بە حەرام و حەڵاڵ نادات و لای ئەو تەنیا دەستكەوتنی پارە گرنگە، چەندان جار بینیومە فرۆشیار كارتۆنی پارچە یەدەگی ماركەی لە بەردەمی دووكانی فیتەرەكان هەڵگرتووەتەوە و بردوویەتە دووكانی خۆی و پارچەی بازاڕی و خراپی خستووەتە ناوی و بە ماركە فرۆشتوویەتی، لە هەمان كات فرۆشیاریش هەیە راست و دروستی شتەكان بە كڕیاران دەڵێت.

فرۆشتنی كەلوپەل و كەرستە خراپەكان بە شوفێران،  تەنیا ناوچەی پیشەسازی سۆرانی نەگرتووەتەوە و بە گوتەی هاووڵاتییان  لە هەولێر و شارەكانی تریش ئەو دیاردەیە هەیە .

رێبوار محەمەد سەرۆكی لیژنەی ئابووری لە قایمقامیەتی شارۆكەی سۆران بە "وشە "ی راگەیاند، گرانبوون و فرۆشتنی ئەو كەرەستانەی ئۆتۆمبێل بە نرخی زۆر یا پێداویستی خراپ بە ماركە و ئەسلی پێوەندی بە ئێمەوە نییە و پێویستە كۆمپانیاكان چاودێری كەلوپەلەكانیان بكەن و نەهێڵن ئەو كەرەستانەیان كۆپی بكرێتەوە، چونكە كەرەستەی كۆپی و خراپ كاریگەری لەسەر كۆمپانیاكان دروست دەكات و متمانەیان لای خەڵك نامێنێت.

زیاتر گوتی "كارەكانی ئێمە وەك لیژنەی ئابووری تەنیا پێوەندی بە بازاڕ و ئەو شتومەك و پێداویستییانەیە كە بۆ خواردنن و كڕین و فرۆشتنیان پێ دەكرێت.

ئەو لێدوانەی سەرۆكی لیژنەی ئابووری لەكاتیكدایە زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە كوردستانن نوێنەرایەتی كۆمپانیاكانیان نەك لە كوردستان، بگرە لە عێراقیش نییە و پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل لەو كۆمپانیایانەش كە لە كوردستانن زیاد لە دە هێندەی نرخی بازاڕ گرانن.

سۆران/ موڕشید برادۆستی



وشە - هیدایه‌ت جان