سەرۆكایەتی پەرلەمان: بەشێك دەبین لە چارەسەری نێوان لایەنەكان

:: PM:06:23:18/05/2019 ‌
لە 27ەمین ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی گەلی كوردستان سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا، پیرۆزبایی لە تەواوی خەڵكی كوردستان دەكات  و ڕای گەیاندووە، ئێستە ئەزموونەكەمان بووەتە نموونەی پێكەوەژیان و فەزای ئازادو دیموكراسی و ئازادی دەربڕین.

ئەمڕۆ شەموو 18ی ئایار، لە راگەیەنراوێكدا سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، ئەمڕۆ ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی دیموكراسیی كوردستانە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی تەواوی خەڵكی كوردستان دەكەین، ئەو ڕۆژە سەرەتای قۆناغێكی نوێ بوو لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان، لە یەكەمین ئەزموونی رزگاریی میللەتی كوردستان كە راستەوخۆ پەنای بۆ ئامڕازە دیموكراسییەكان برد بۆ یەكلاییكردنەوەی ركابەرییەكان و پێشڕەوایەتی و ئیدارەكردن.

پەرلەمان دەڵێت، ئەزموونە دیموكراسییەكەمان بۆ دۆست و دوژمنان سەلمێندرا كە گەلی كوردستان نەك هەر توانای ئیدارەدانی خۆی هەیە، بەڵكو ئێستە ئەزموونەكەمان بووەتە نموونەی پێكەوەژیان و فەزای ئازادو دیموكراسی و ئازادی دەربڕین لە ناوچەیەك كە هەموو ئەو بنەمایانە ونن و هەموویان لەخەوی شەڕو گەڕانەوەی مۆنۆپۆلن.

پەرلەمانی كوردستان دووپات لەوە دەكەنەوە كە هەمیشە بەشێك دەبن لە چارەسەر بۆ سەرجەم لایەنەكان و چەتری كۆكەرەوەی گشت لایەنەكان و قووڵتركردنەوەی گیانی كاری پێكەوەیی و قووڵتركردنی كەلتووری دیموكراسی و گفتوگۆ و بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندیی گەل و نیشتیمان لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەكانی ترەوە بێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم