مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی كۆ دەبێتەوە

:: AM:11:34:19/05/2019 ‌
مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی لە كۆبوونەوەدایە و بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئایار، میدیای یەكێتی بڵاوی كردووەتەوە، بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسووڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی دەستی پێ كرد.

كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی بەمەبەستی دیاركردنی كاندیدەكان بۆ پۆستەكان لەناو حكوومەت و دیاركردنی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.

ڕۆژی سێشەمی ڕابردوو مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ـی راگەیاند، كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندید بووە بۆ پۆستەكانی یەكێتی كە لە كابینەی نوییەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەری دەكەوێت.

ئاشكرای كردووە، مەكتەبی سیاسی تەنیا كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان كە دوو ژن ركابەری لەسەر ئەو پۆستە دەكەن لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكوومەت دوای یەكلاكردنەوەی ئەو كاندیدانە بۆ ئەو پۆستانە پرسەكە دەهێنرێتەوە ناو سەركردایەتی.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی گوتی، كۆبوونەوەكە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی كاندیدی وەزارەتەكان نەبوو، بەڵكو ئەو بابەتە بۆ كۆبوونەوەیەكی تر جێدەهێڵرێت ئەو كاتەی سەرۆكی هەرێم سەرۆكی حكوومەت رادەسپێرێ بۆ پێكهێنانی حكوومەت و سەرۆكی حكوومەتیش داوای كاندیدەكان دەكات.

لەتیف شێخ عومەر گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی حزبەكەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندبوو، بە پەرۆشەوە مەكتەبی سیاسی یەكێتی گفتوگۆی چڕوپڕ و بەرپرسیارانەی لە سەر پێشهاتە سیاسییەكان و پابەندبوونی بە هەردوو رێككەوتنی سیاسی و ئیداری لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كرد. 

گوتەبێژی یەكێتیی دووپاتی لەوە كردەوە، چاوەڕوانین لەگەڵ هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم پرسی كەركووك و بەغدا چارەسەر بكرێن، هەروەها كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی بەردەوامییان دەبێت.

گوتەبێژەكەی یەكێتی هیچ ئاماژەیەكی بە گفتوگۆكردن لەسەر پۆستەكان نەكرد كە پێشتر بەرپرسان و میدیای ئەو حزبە ڕایان گەیاندبوو كۆبوونەوەكەی ڕۆژی سێشەم بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكان بوو.



وشە - رامیار جەواد