لێكەوتەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە داگیركردنەوە تا سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران

:: PM:03:03:19/05/2019 ‌
رۆژ بە ڕۆژ لێكەوتی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 زیاتر دەردەكەوێت جیا لەوەی لە كاتی ڕووداوەكەدا ئاوارەبوونی سەتان هاووڵاتیی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی لێ‌ كەوتەوە، ئێستە لێكەوتەكان چووەتە قۆناغێكی تر و بەهۆی بۆشایی تەناهیی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، دەغڵودانی جووتیارانی كورد دەسووتێنرێ‌.

لەماوەی هەفتەی ڕابردوو لە چەندان گوندی سنوورەكانی كەركووك و مەخموور و خورماتوو سەتان دۆنم زەوی جووتیاران سووتێنرا لە كاتێكدا ئێستە وەرزی دروێنەی بەرهەمەكانیانە و بەهۆیەوە زیانێكی زۆریان بەردەكەوێ‌.

سووتانی دەغڵودانی جووتیاران و داگیركردنی گوندە كوردنشینەكان لێكەوتێكی 2019ی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرە و ڕەنگە ڕۆژ بەڕۆژیش لێكەوتی زیاتری بە دوادا بێت.

بەشێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە رەوشی تەناهیی كەركووك ناڕازین و پێیان وایە حەشدی شەعبی بۆشاییەكی گەورەی تەناهیی دروست كردووە، جیا لەوەی لەلایەن جووتیارانی ئەو سنوورانەوە داوایان كردبوو پێشمەرگە بگەڕێتەوە سنوورەكانیان.

جوان حوسێن ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ "وشە" گوتی، ڕەوشی تەناهیی لە سنووری كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان باش نییە، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق توانای پاراستنی سنوورەكەیان نییە.

زیاتر گوتی، پێویستە بە خێرایی هاوئاهەنگی نێوان سوپا و پێشمەرگە دروست بكرێتەوە بۆ پاراستنی ئەم شوێنانە، چونكە بەم دۆخەی ئێستە مەترسیی لەسەر خەڵكی كوردی ئەو ناوچانە هەیە.

خراپبوونی زیاتری ڕەوشی تەناهیی ناوچە دابڕێنراوەكان لە كاتێكدایە كە پێشتر ئەندامانی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و جووتیارانی دەشتی قەراج و كەندێناوە هۆشدارییان دابوو.

16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە چاوساغی چەند كەسێكی حزبێكی ناوخۆی كوردستان كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانیان لە پیلانێكدا داگیر كرد، ئەو كاتەی كەركووك داگیر كرا بەمەبەستی دزینی نەوت سەتان هاووڵاتی ئاوارە بوون و پێشێلكاریان بەرانبەر كرا، بەڵام ئێستە هەوڵ هەیە كە موڵكەكانیشیان داگیر بكرێ‌.
  



وشە - سه‌رخێڵ هاشم