حەشدی شەعبی گەنجانی عێراق بۆ بەرگریكردن لە ئێران ئامادە دەكات

:: PM:06:18:19/05/2019 ‌

لەگەڵ پەرەسەندنی دۆخی سیاسی و سەربازی لەنێوان ئەمەریكا و ئێران و زیادبوونی ئەگەری دروستبوونی جەنگ لە نێوانیاندا، ژمارەیەك لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق دەستیان كردووە بە هەڕەشەكردن لە ئەمەریكا و بەرژەوەندییەكانی لە عێراق وەك پاڵپشتییەك بۆ ئێران، بۆ ئەوەش هانی گەنجانی عێراق دەدەن بۆ بەرگریكردن لە ئێران لە ئەگەری دروستبوونی جەنگدا.

ئەو جموجۆڵەش دەبێتە هەوڵێك بۆ راكێشانی عێراق بۆ ناو جەنگەكە لە نێوان واشنتن و تاران، كاتێك ژمارەیەك میلیشیای شیعەی عێراقی ئاستی پاڵپشتیان لە ئێران و هەڕەشەكانیان بۆ ئەمەریكا گەیاندە ئەو ئاستەی كە هانی گەنجانی عێراق بدەن بۆ بەرگریكردن لە ئێران ئەگەر كەوتە جەنگەوە، لەو بارەوە عەمار سەلمان چالاكی مەدەنی لە پارێزگای دیالە دەڵێت، ژمارەیەك لە مێزەرلەسەرەكانی سەر بە حەشدی شەعبی خەریكی وانەگوتنەوەن لە حوسێنییەكانی باقووبە و ناوچەكانی تری دیالەن و ئەوان داوا لە گەنجان دەكەن بۆ چوونە ریزەكانی بەرگریكردن لە ئێران ئەگەر كەوتە بەر هێرشی ئەمەریكاوە. 

زیاتر گوتی، هاندانی گەنجان بۆ بەرگریكردن لە ئێران بە چەندان رێگە دەكرێت لەوانە چاودێریكردن و دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و بارەگا و جموجۆڵی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كە فەرمانبەری بەرەگەز ئەمەریكاییان تیادا كار دەكەن، ئەوەش تەنیا لە پارێزگای دیالەدا نییە، بەڵكو لە زۆرینەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەو كارە دەكەن كە بەم دواییە جموجۆڵێكی فرەوانی میلیشیاكان بەو ئاراستە و وەك خۆسازدان بۆ ئەگەری جەنگ دروست بووە.

لای خۆیەوە ستار رەحیم رۆژنامەوانی خەڵكی بەسڕە گوتی، پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی ئەمەریكا و ئێران لە كەنداو هەڕەشەكانی ئێران بەكردنە ئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە هەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی عێراق دەبێتە بەشێك لەو جەنگە ئەگەر رووبدات.

زیاتر گوتی، ئەوەی پاڵپشتی ئەو بۆچوونە دەكات زیادبوونی جموجۆڵی میلیشیاكانە لە چەندان پارێزگای عێراقی، هەروەها بڕیارە كتوپڕەكەی واشنتن بە پاشەكشەكردنی فەرمانبەرانی لە باڵوێزخانەی لە بەغدا بەهۆی بوونی هەڕەشە بۆ سەریانەوە، بۆیە ئەو رۆژنامەوانە پێی وایە هەر دەمارگرتنێكی هەڕەمەكی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق یان كردنەئامانجی بارەگاكانیان بە مووشەك، دەبێتە پرووشكی سەرەتای جەنگەكە كە عێراق بێ ویستی خۆی دەچێتە ناوییەوە.

لە كۆتادا گوتی، ئێستە میلیشیاكان خەریكی رێكخستنی گەنجانن و هەوڵی كۆكردنەوەی زیاترین چەكدار دەدەن وەك ئامادەسازییەك بۆ هەر جەنگێك كە رەنگە عێراق بگرێتەوە ئەگەر ئەمەریكا لە ئێران بدات، بەڵام لای گەنجانی بەسڕە بەساردی وڵام دراونەتەوە و ئەوان باش دەزانن كە ئەوەی لە عێراق روو دەدات لە ئەنجامی دەستوەردانەكانی ئێرانە و هەر ئەوەش بوو كە هاوینی رابردوو بەسڕاییەكانی هێنایە سەر شەقام.     

بەم دواییە جەواد تڵێباوی گوتەبێژی سەربازی گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق سەر بە حەشدی شەعبی و نزیك لە ئێران لە تویتێك لە لاپەڕەی خۆی لە تویتەر نووسی، هیچ پێوەندییەك لە نێوان حەشدی شەعبی و ئەمەریكاییەكان بوونی نییە تەنیا خوێن و كوشتنیان لە نێواندایە، بەڵام زۆری نەبرد، واتە دوای چەند خولەكێك، بێ روونكردنەوەی هۆكارەكەی تویتەكەی رەش كردەوە.  

فەرماندە تەناهییەكانی عێراق ترسیان لە دەمارگرتن یان هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق هەیە، بەتایبەتی لەو پارێزگایانەی كە سەربازگە و هێزەكانی ئەمەریكایان تیادا بڵاوبووەتەوە، موسەنا ساعیدی، ئەفسەر لە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكانی ئەنبار دەڵێت، چاودێری دۆخی سەربازی پارێزگای ئەنبار دەكەین و ترسمان هەیە لەوەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا بكەنە ئامانج كە ئەوە لە بەرژەوەندی وڵات نییە. 

زیاتر گوتی، سەركردایەتییەكە بەر لە چەند هەفتەیەك چەند سەكۆیەكی هەڵدانی مووشەكی گرت كە بەرەو بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا ئاراستەكرابوون و ترسمان لە دووبارەبوونەوەی ئەو كارە هەیە، بەتایبەتی لە رۆژانی دوایی پەرەسەندنێكی بێوێنەی ئاڵۆزی لە نێوان واشنتن و تاران هەیە.

لای خۆیەوە فەلاح حەسەن شرۆڤەكاری سیاسی پێی وایە كە گرووپە چەكدارەكان لە عێراق بوێری ناكەن بۆ كردنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، چونكە ئەوان دەزانن كە هەر هێرشێكی لەو جۆرە ئەنجامی خراپی دەبێت بۆ سەر خۆیان و پرۆسەی سیاسی لە عێراق، بەڵام هەر رەفتارێكی تاكلایەنەی ئەو گرووپانە بەسە بۆ هەڵگیرسانی ئاگری جەنگ و كردنەئامانجی ئەو گرووپانە لەلایەن ئەمەریكاوە كە ئەوكات هەموو باڵەكانی سەربازی ئێران لە عێراق و سووریا دەگرێتەوە. بۆیەش لێدوانی بەشێك لەو گرووپانە بەوەی دەستپێشخەر نابن بە كردنەئامانجەكانی ئەمەریكا لە عێراق ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەوان باش درك بەوە دەكەن كە ئەمەریكا تا چ ئاستێك چاودێری دۆخی عێراق دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل