شارەوانی و دەزگا تەناهییەكانی سلێمانی چاوپۆشی لە داگیركردنی سەتان دۆنم زەوی دەكەن

:: PM:06:26:19/05/2019 ‌
سێ مانگ پێش ئێستە ژمارەیەك هاووڵاتیی چەكدار لە شاری سلێمانی بە سەتان زەوی شارەوانی سلێمانیان لە ناوچەی "كانی شینكە"ی رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی داگیركرد، شارەوانی شارەكەیش هیچ هەڵوێستێكی لەو بارەوە نەبوو.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئایار، محەمەد شێخ وەهاب بریاردەری لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەر شوێنێكی ناو شاری سلێمانی هاووڵاتییەكی ئاسایی زیادەڕۆیەك بكاتە سەر زەوی و موڵكی شارەوانی دەست بەجێ هێزەكان هەڵدەكوتنە سەری و دەیڕوخێن.

زیاتر گوتی، ئەو هەموو زەویەی لە كانی شینكە داگیركراو هەرزان فرۆش كرا، هیچ لایەنێكی پێوەندیدار بە هانایەوە نەچوو لە كاتێكدا هەموو لایەنە پێوەندیدارەكانی سلێمانی و هێزە تەناهییەكان ئاگادار كرانەوە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەن ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پێویستە بەبێ جیاوازی ئەوانەی زیادەڕۆیی دەكەن لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت و هەر كەس و لایەنێكیش ئەو كارە بكات رێگری لێ بكرێت و رووبەرووی یاسا بكرێتەوە.

لای خۆیەوە ئاكۆ عەلی جێگری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، دەسەڵاتی شارەوانی لە شارەكە بۆ هەموو هاووڵاتییان وەك یەك وایە و هیچ جیاوازییەك لە نێوان هاووڵاتییان و توێژەكان نەكراوە و هەڵمەتەكانی لابردنی زیادەڕۆی كە لە لایەن لیژنەكانی شارەوانی ئەنجام دەدرێن بەبێ جیاوازی بەسەر هاووڵاتییان جێبەجێ دەكرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە جیا لەو زەویانەی كانی شینكە سەتان دۆنم زەوی تری موڵكی گشتیی لە سلێمانی داگیر كراوە و شارەوانی دەزگا تەناهییەكان هیچ لێپرسینەوەیەكیان نەكردووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم