نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی كوردستان شانازی بە كولتوور‌ی پێكەوەژیانەوە دەكات

:: PM:06:41:19/05/2019 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ شاندێكی باڵای كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان بە سەرۆكایەتیی قەداسەتی پاتریارك مار گورگیسی سێیەم سڵێوە، پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان، پیرۆزباییی كردنەوەی كەنیسە نوێیەكەیان لە دیانای سەر بە قەزای سۆران لێكردن و هیوای سەركەوتنی بۆ كۆبوونەوەی كەنیسەكەیان خواست، ئاماژەی بەوە كرد‌ هەرێمی كوردستان  شانازی بە كولتوور‌ی پێكەوەژیانەوە دەكات و هەوڵیش دەدەن ئەو كەموكوڕییانەی لەمبارەیەوە هەن، نەهێڵن. 

بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەكە ئێوارەی ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوە ‌چوو و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم و مەترانەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە ژمارەیەك وڵاتی جیهانەوە ئامادەی بوون، تیایدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك وەزیران و دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمیان كرد بۆ پشتگیرییان لە كار و چالاكییەكانیان و حەواندنەوە و پاراستنی ئاوارەكان بێ جیاوازی، دووپاتیشیان كردەوە كە برایەتی و تەبایی و كولتووری یەكترقبووڵكردن لە هەرێمی كوردستان بووەتە بنەمایەكی سەرەكی و جێگەی شانازیی هەموو لایەكە.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی كورتەیەكی دەربارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش پێشكەش كرد و هیوای خواست ئاسایش بۆ هەموو ناوچەكانی عێراق بگەڕێتەوە و ئاوارەكان بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هەروەها ڕای گەیاند كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ هاوكاریكردنیان و بەردەوامیی پشتگیریی هەرێمی كوردستانی بۆ كەنیسەكەیان و هەموو كەنیسەكانی دیكە و ئایین و ئاینزاكان دووپات كردەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم