توركیا گونده‌كانى سیده‌كان بۆردمان ده‌كات

:: PM:08:28:19/05/2019 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بنكە و بارەگاكانی پەكەكەیان لە سنووری شارەدێی سیدەكان بۆردمان كرد.

پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" لە ساڵی 1978 لە باكوری كوردستان دامەزراوە و دواتر لە چیای قەندیل نیشتەجێ بوون، ئێستەش ژمارەیەكی زۆری گوندەكانی هەر چوار قەزای سۆران  و چۆمان و مێرگەسۆر و رواندزی داگیر كردووە و خەڵكێكی زۆر بە هۆی پەكەكەوە بوونەتە قوربانی، پەكەكە زیاتر لە 30 ساڵە لەگەڵ توركیا شەڕ و ناكۆكییان هەیە .

ملازم دیار هەمزە ئەفسەر لە هێزی سیدەكانی پێشمەرگە بۆ "وشە" پشتراستی هەواڵەكەی كردەوە و رای گەیاند، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چیای دێل و كێپەبەن و نزیك كۆسپ و گەرووی ناوبۆر و دەوروبەری لیلكانیان لە سنووری شاردەێی سیدەكان بە چڕی بۆردمان كردووە.

بە گوتەی ئەو ئەفسەرەی هێزی سیدەكان، هیچ هاووڵاتییەك بەهۆی بۆردمانی توركیا نەبووەتە قوربانی و زیانەكانی چەكدارانی "پەكەكە"یش نەزانراوە، بەڵام بۆردمانەكە ترسی زۆری لای گوندنیشینان دروست كردووە.

سیدەكان كەوتۆتە سێگۆشەی سەرسنووری نێوان كوردستان و توركیا و ئێران، بە دووری 144 كیلۆمەتر لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، خاوەنی 250 گوندە زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی بوونی پەكەكە و بۆردمان و تۆپبارانەكانی وڵاتانی دراوسێ ئاوەدان نەكراونەتەوە و لە 20 ساڵی رابردوو بەهۆی پەكەكە و توركیا لە دەڤەری برادۆست دەیان كەس بوونەتە قوربانی.

سیدەكان/ موڕشید برادۆستی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم