سەتان دۆنم زەوی گوندەكانی سنووری سەرگەڕان سووتێنرا.. داوای سەرانە لە جووتیاران دەكرێ‌

:: PM:08:50:19/05/2019 ‌
ئاگر لە سەتان دۆنم زەوی گوندەكانی سنووری سەرگەڕان كەوتەوە و گوماندەكرێ‌ عەرەبی هاوردە بن كە لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هێنراونەتە ئەو سنوورە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئایار، گۆران دیبەگەیی پارێزەری جووتیارانی ئەو سنوورە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەتان دۆنم زەوی گوندی سێبیرانی سەر بەشارەدێی سەرگەرانی پارێزگای كەركووك سوتێندراوە و تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵەیش ئاگرەكە بەردەوامە. هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، مەترسی دەكرێت ئاگرەكە بپرێتەوە بۆ گوندی كنداڵ.

ئەو پارێزەرە ڕوونیشی كردەوە كە ئۆتۆمبێل و ماتۆرسكێلێك هاتوون و داوای سەرانەیان لە جووتیاران كردووە كە گومان دەكرێ‌ عەرەبی هاوردەبن لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هێنرابێتن بۆ ئەو سنوورە.

دووپاتی لەوەیش كردەوە كە ئەو كارە لەنێوان داعش و هەرەبی هاوردە دەرناچێت، بۆیە جووتیاران هەموو ئامادەكارییەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوە دەكەن.

ئەوە لە كاتێكدایە كە شەوی ڕابردوویش سەتان دۆنم زەوی دەغلودانی جووتیاران لە چەند گوندێكی سنووری كەركووك و خورماتوو سووتێنرا، ئەوەیش دوای ئەوەی عەرەبی هاوردە ئێستە كێشەی لەگەڵ جووتیارانی كوردی ئەو سنوورانە دروست كردووە.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم