ئەندامێكی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت كە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق قسەیان كردووە بۆ ناردنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان و بەغداش وەڵامی ئەرێنی داوەتەوە و شێوازی ناردنەكەی دیاری كردووە.
ئەمڕۆ یەكشەم غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند, لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق گفتوگۆمان كردووە بۆ ئەوەی وەك پارێزگاكانی تری عێراق بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكات و بە هەرزان بدرێتە هاووڵاتی و شۆفێران.
زیاتر گوتی, دوو پێشنیاز دراونەتە وەزارەتی نەوتی عێراق، یەكێك لەوانە وەك هەر پارێزگایەكی تر بەنزین بدرێتە هەرێمی كوردستان و نرخەكەی وەك پارێزگاكانی تری عێراق هەرزان بێت, پێشنیازەكەی تر ئەوەیە ئەگەر بەو شێوازە بەنزین نانێرن, بەنزین بنێردرێت بۆ بەنزینخانەی حكوومی و لەپاڵ بەنزینە بازرگانییەكە بەنزینی حكوومیش هەبێت.
محەمەد روونی كردەوە، بەڵێنی ناردنی بەنزینمان وەرگرتووە و لەو دوو شێوازە بەغدا بە یەكێكیان رازی دەبێت، بەڵام لە هەر حاڵەتێكدا بەغدا بەنزینی نارد چاودێرێك دەبێت تا بزانرێت چۆن ئەو بەنزینە دابەش دەكرێت, چونكە پێشتر بەغدا نەوتی ناردووە و هیچ چاودێرێك بۆ شێوازی دابەشكردنەكەی نەبووە.
شایەنی باسە ئێستە یەك لیتر بەنزینی حكوومی لە عێراق بە ٤٥٠ دینارە و لە هەرێمی كوردستان بۆ لیترێك لە سەروو ٦٢٥ دینارەوەیە و پێشتریش ئەنجوومكەنی پارێزگای هەولێر لە نووسراوێك داوایان لە بەغدا كردبوو كە بەنزین بۆ پارێزگاكانی هەرێمیش دابین بكرێت.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی