لە كاتێكدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان چەندان سازشی بۆ راكان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك كردووە تا ئازادكردنی ژمارەیەك تیرۆرست بۆی، بەڵام ئەو پارێزگارە سەپێنراوەی كەركووك بەردەوامە لە سزادانی كورد لە شارەكە.
دوێنی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی راكان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك رای گەیاند، پێوەندی زۆر باشی لەگەڵ یەكێتی هەیە و بۆ كاروبارەكانی كەركووك گفتوگۆ لە نێوانیاندا هەیە. بەڵام یەكێتی لەبری ئەوەی ڕێككەوتن لەگەڵ راكان ڕەت بكاتەوە پشتگیری قسەكانی دەكەن.
ئەمڕۆ دووشەم 20ی ئایار، ڕەوەند مەلا مەحموود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بەبێ بەڵگەی ڕەت كردنەوەی قسەكانی راكان جبووی پەلاماری چەند لایەنێكی تری كوردی دا و ڕای گەیاند، "بەشێك لە وەزیرە كوردەكان لە بەغدا هێندەی نەیارانی كورد هەوڵی تێكدانی دۆخی كەركووك دەدەن".
ئەو بەرپرسەی یەكێتی گوتی، " ئێمە لە كەركووك ماوینەتەوە و بەرگری لە خەڵكەكەی دەكەین". قسەكانی ئەو بەرپرسەی یەكێتی لەكاتێكدایە كە ئێستە ڕۆژانە سەتان هاووڵاتی كورد لەلایەن راكان جبووری و عەرەبە هاوردەكانەوە پێشێلكاریان بەرانبەر دەكرێ.
دۆخی كەركووك لەو كاتەوە تێكچووە كە ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی گرووپێكی ناو یەكێتی هێرشیانكردە سەر كەركووك و داگیریان كرد، هەرچەندە یەكێتی سازشی زۆری كردووە تا رەوشی شارەكە بە ئاسایی پێشانبدات، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ پێشێلكارییەكان زیاتر دەبن.