هه‌رچه‌نده پێشتر زۆرینه‌ى لایه‌نه‌كانى شیعه‌ى عێراق به لایه‌نگرى ئێران له قه‌ڵه‌م ده‌دران، كه‌چى دوێنێ دواى ئه‌وه‌ى مووشه‌كێكى كاتیوشا له نزیك باڵوێزخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا كه‌وته خواره‌وه، زۆرینه‌ى لایه‌نه شیعه‌كان هاتنه‌ده‌نگ و داوا له ئێران و ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن، عێراق نه‌كه‌ن به گۆڕه‌پانى شه‌ڕى نێوانیان.
شه‌وى رابردوو 19ى ئایار، مووشه‌كێكى كاتیوشا له نزیك باڵوێزخانه‌ى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا كه‌وته خواره‌وه و هه‌رچه‌نده ئه‌و مووشه‌كه هیچ زیانێكى گیانى و ماددى ئه‌وتۆى نه‌بوو، به‌ڵام له‌ڕووى سیاسییه‌وه شه‌قامى شیعه‌ى عێراقى جوڵاند و زۆربه‌ى لایه‌نه‌كانى پێكهاته‌ى شیعه هاتنه‌ده‌نگ و هه‌مووشیان بێلایه‌نى خۆیان له به‌رانبه‌ر ململانێى نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران ده‌رده‌خه‌ن.
پێشتر زۆرێك له لایه‌نه‌كانى شیعه به لایه‌نگرى ئێران وه‌سف ده‌كران، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كران كه راسته‌وخۆ له‌ژێر فرمانه‌كانى ئێرانن و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه چه‌ك و هاوكاریى داراییان پێ ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌دى كرا، ته‌واو له‌و وێنه‌یه جیاواز بوو.
ته‌نانه‌ت لایه‌نه شیعه‌كان به‌ر له هه‌موو پێكهاته‌كانى تر هاتنه‌ده‌نگ. ئه‌مه‌یش واى له ماڵپه‌رى
به‌غداد توده‌ى عێراقى كردووه راپۆرتێك له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه بڵاو بكاته‌وه و له ناونیشانه‌كه‌ى بپرسێ "ئایا لایه‌نگرێك ماوه؟".
به‌ر له چه‌ند رۆژێك چاودێرانى سیاسى له رۆژئاوا باسیان له‌وه كرد، ئه‌مه‌ریكا گوشار ده‌خاته سه‌ر عێراق بۆ ئه‌وه‌ى له لایه‌نگرى ئێران دوور بكه‌وێته‌وه و له رێى دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانى حكوومه‌ته‌وه ئه‌و رێكخراو و لایه‌نانه جڵه‌و بكات كه سه‌ر به ئێرانن، چونكه له نێو پێكهاته‌كانى عێراق ئه‌وه‌ى مه‌یلى لایه‌نگیرى هه‌بێت، ته‌نیا شیعه‌كانن كه به لایه‌نگرى ئێران له قه‌ڵه‌م ده‌درێن. بۆیه كاتێك دوێنێ هه‌وڵ درا به مووشه‌ك هێرش بكرێته سه‌ر ئه‌مه‌ریكا به‌ر له هه‌موو كه‌سێك شیعه‌كان هاتنه‌ده‌نگ و دوووپاتیان له بێلایه‌نى خۆیان كرده‌وه.
به‌ر له‌هه‌موو لایه‌نه‌كان موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در و پاڵپشتى هاوپه‌یمانى سائیروون له تویته‌ر په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه، په‌یامه‌كه‌ى سه‌در زیاتر بۆ عێراقییه‌كان بوو نه‌وه‌ك ئێران و ئه‌مه‌ریكا. سه‌در له په‌یامه‌كه‌ى ده‌ڵێ "با به رژدى كار لەسەر دوورخستنه‌وه‌ى عێراق لە شه‌ڕى نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌ڕه رووبدات و عێراق ببێته گۆڕه‌پان ئه‌وا عێراق كۆتایى دێت".
له به‌شێكى تر‌ى تویته‌كه‌ى بێ ئه‌وه‌ى ناوى هیچ لایه‌نێك بهێنێ، سه‌در داوا له گرووپه عێراقییه‌كان ده‌کات له‌وه دوور بن ئاگارى شه‌ڕ خۆش بكه‌ن، چونكه به‌ر له هه‌موو كه‌سێك ئه‌و لایه‌نانه خۆیان ده‌بن به سووته‌مه‌نى شه‌ڕ. ته‌نانه‌ت له كۆتایى تویته‌كه‌ى موقته‌دا سه‌در دوورتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێ "هه‌ر لایه‌نێك عێراق بخاته جه‌نگ و بیكات به گۆڕه‌پان ئه‌وا دوژمنى گه‌له".
هادى عامرى سه‌رۆكی رێكخراوى به‌در و هاوپه‌یمانى فه‌تح یه‌كێكى تره له لایه‌نه‌كانى شیعه و میلیشیایەكى زۆرى هه‌یه و پێشتریش له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه هاوكاریى كراوه و به هاوپه‌یمانى ئێران داده‌نرێت، هادى عامرى له په‌یامێكدا ده‌ڵێ " به‌رپرسیارێتى نیشتمانى و ئاینى و مێژوویى وا ده‌خوازێ هه‌موو لایه‌ك كار بۆ ئه‌وه بكه‌ن تارمایى شه‌ڕ له عێراق و ناوچه‌كه دوور بخەنه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر شه‌ڕ هه‌ڵبگیرسێت، ئه‌وا هه‌موو لایه‌ك ده‌سووتێن".
هێزێكى تر‌ى شیعه كه به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرێت راسته‌وخۆ سه‌ر به ئێرانه، میلیشاى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌قه، قه‌یس خه‌زعه‌لى سه‌رۆكى ئه‌م میلیشیایه هاوشێوه‌ى لایه‌نه‌كانى تر په‌یامێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا ئیسرائیل به هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕ تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌شڵێ، مه‌به‌ستى زیان گه‌یاندنه به عێراقە. ئه‌ویش هاوشێوه‌ى لایه‌نه‌كانى تر‌ى شیعه داوا ده‌كات شه‌ڕ له عێراق دوور بخرێته‌وه.
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ، له‌گه‌ڵ مووشهكهكهى شه‌وى رابردوو نیگه‌رانى و ترسێك بۆ لایه‌نه شیعه‌كانى عێراق دروست بووه، ئه‌گه‌ر ته‌نیا پڕوپاگه‌نده‌ى راگه‌یاندنیش بێت، ئه‌وان دژایه‌تى خۆیان بۆ ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه عێراق بكرێته گۆڕه‌پانى ململانێى نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا.
هاوكات ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى ته‌ناهى و به‌رگرى له په‌رله‌مانى عێراق داوا ده‌كات عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بانگهێشتى نوێنه‌رانى دیپلۆماسى ئێران و ئه‌مه‌ریكا بكات، به ئامانجى ئه‌وه‌ى رێ نه‌درێ عێراق ببێته گۆڕه‌پانى شه‌ڕ.