هەرسێ حزبی شیوعی و زەحمەتكێشان و بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان لەبارەی دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان هاتنە دەنگ و ڕای دەگەیەنن، لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ڕۆژ بەڕۆژی ڕەوشی ئەو ناوچانە ڕوو لە خراپبوونە.
ئەمڕۆ دووشەم 20ی ئایار، لە بەیاننامەیەكدا ئەو سێ حزبە ڕایان گەیاندووە، لە دوای ئەو بارودۆخە تەناهیی و سەربازیەی لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە دروست بووە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەركوتكردن دژ بە كوردستانیان و جووتیاران بەردەوامە و حكوومەتی عێراق و هێزە تەناهییەكانی ئەو سنوورە خەڵكەكە ناپارێزن، بۆیە ئەم دۆخە مەترسیدارە نابێت چاوپۆشی لێ بكرێت.
روونیشكراوەتەوە كە ئێستە دۆخەكە بەجۆرێكە چەندان گوندی كوردستانی لە ژێر زەبری تیرۆر و كوشتن و بە زۆر چۆڵكردندان، بە هەزاران دۆنم لە سامانی كشتوكاڵی جووتیارانی كوردستانیان دروێنەكراو تاڵان كراو یان سووتێنرا بە تایبەتی مەخموور و و دەشتی قەراج و كەركووك و خانەقین و دەوروبەری.
هەروەك باس لەوەیش دەكەن كە بوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەو ناوچانە بەر لە ساڵی 2017 هۆكارێكی سەقامگیری و ئاشتی بوو بۆ هەموو پێكهاتەكان، گەڕانەوەی ئەم هێزانە بۆ ئەم ناوچانە گرنگە.