ڕێككه‌وتنه‌كانى نێوان یه‌كێتى و پارێزگاره‌ عه‌ره‌به‌كه‌ى كه‌ركووك ئاشكرا بوو

:: PM:04:29:20/05/2019 ‌
ئەندامێكی سەركردایەتی حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، دۆخی ئێستەی كەركووك بەهۆی 16ی ئۆكتۆبەرەوە دروست بووە و یەكێتی هەڵەی كردووە كە رێككەوتنی كردووە بۆ ئەوەی راكان جبووری لە پۆستەكەی بەردەوام بێت.

كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی داگیر كرا، پارێزگارێكی عەرەب بەسەر شارەكەدا سەپێنراوە، دوێنی ئەو پارێزگارە عەرەبە كە بووەتە هۆی تێكدانی ڕەوشی كەركووك و پێشێلكاری بەرانبەر كوردەكان دەكات لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، پێوەندی زۆر باشی لەگەڵ یەكێتی هەیە و كاروبارەكانی كەركووك بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو حزبە ئەنجام دەدات.

رەسووڵ رەئوف ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، راكان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك هێندە كەسێكی بەتوانا نییە كە بتوانێ هاووڵاتییانی عەرەب بهێنێتەوە بۆ گوندەكان ئەگەر بە رێككەوتن نەبێت وەك ئەوەی دوێنی خۆی ئاشكرای كرد.

بەرپرسە سیاسییەكەی كەركووك ئاشكرای كرد، یەكێتی بە كردار رێككەوتنی لەگەڵ راكان جبووری كردووە كە تا كاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، هەڵەیەكی گەورەیە‌ كە یەكێتی كردوویەتی لە كەركووك. 

هەروەك دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەو دۆخەی ئێستە لە كەركووك دروستبووە بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوەیە و هەموو كەسێكیش ئەوە دەزانێ كە دۆخی كەركووك پێوەست نییە بە ریفراندۆم.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم