كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر لەسەر بەردەوامی كارەكانیان ڕوونكردنەوە دەدات

:: PM:05:01:20/05/2019 ‌
كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر لێدوانێكی فەرمی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاندووە، ئەمەریكا پابەند دەمێنێتەوە بە كاركردن لەگەڵ هەموو پێكهاتە ئاینییەكان لە عێراق.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 20ی ئایار، پەیجی فەرمی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان لێدوانی هاوبەشی كونسوڵی گشتی ستیڤ فەیگن و نوێنەری تایبەتی پرۆگرامەكانی تایبەت بە یارمەتیدانی كەمینەكان ماكس پریمۆراكی بڵاو كردەوە و تیایدا هاتووە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پابەند دەمێنێتەوە بە كاركردن لە گەڵ هەموو پێكهاتە ئاینیەكان لە عێراق  بە هەرێمی كوردستانی عێراقیشەوە.

لە نووسینەكەدا هاتووە، بەردەوام دەبین لە هاوئاهەنگی بە لە نزیكەوە كاركردن لەگەڵ هاوشانە ناوخۆییەكانمان و ڕِابەڕانی كۆمەڵگا بۆ جێبەجێكردن و چاودێریكردنی ئەو پرۆگرامانەی لە ئێستە و داهاتوویش بە پارەی ئەمەریكا پاڵپشتی دەكرێن لەسەرانسەری وڵاتدا. دووپات لەوەیش كراوەتەوە كە پاراستنی مافی هەموو پێكهاتە ئاینییەكان كاری لەپێشینەی سەرۆك و جێگری سەرۆك و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكایە.

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كراوە كە پاڵپشتی دارایی بۆ ژمارەیەك پڕۆژەی گرنگ دابینكراوە لە ناوچەكانی قەرەقۆش و كەرەملێس و باشیقە و شێخان و تەلسقۆف و لالش و شەنگال و مووسڵ و ناوچەكانی تر و كارەكانیش فراونتر دەكەین.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر بەهۆی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران، ئەو وڵاتە داوای كردبوو هاووڵاتییانی سەردانی عێراق نەكەن و بەشێك لە كارمەندانیشی لە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كشاندبووەوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم