كاروانێكی سوپای ئەمەریكی لە ئوردنەوە دەگاتە عێراق

:: PM:06:45:20/05/2019 ‌
دوای هێرشی سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە ناوچەی سەوز، كاروانێكی گەورەی سەربازی ئەو وڵاتە خۆی دەگەیەنێتە بنكەی عەین ئەسەدی ئاسمانی لە ئەنبار. سەرچاوەیەكی تەناهیش دەڵێ، كاروانەكە لە ئوردنەوە هاتوون.

ئەمڕۆ دووشەم 20ی ئایار، سەرچاوەیەكی تەناهی لە ئۆپراسیۆنی سەركردایەتی سوپای عێراق لە ئەنبار، رای گەیاند كە كاروانێكی سوپای ئەمەریكا 70 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆری سەربازی بوون، خۆیان گەیاندە بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای ئەنبار.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی "كاروانەكە زۆر گەورە بوو، كەلوپەلی زەبەلاحی جەنگیان لەگەڵ بوو كە ژمارەیان 70 هەمەری گواستنەوەی سەرباز بوو، گەیشتنە بنكەی عەین لە شارەدێی بەغدادی سەر بە شارۆكەی هیت لە رۆژئاوای ئەنبار".
 
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە دا كە ئەو كاروانە زەبەلاحەی سوپای ئەمەریكا لە ئوردنەوە هاتوونەتە ناو عێراق، لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكاش زۆر بە وردی چاودێری كاروانەكە دەكرا لە ئەگەری هێرشی هەر گرووپێكی نەناسراو، ئەو گوتی "چەند كۆمپانیایەكی تەناهی ئەمەریكی سەرقاڵی گەیاندنی ئەو كەلوپەل و ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و هەمەرانەن بۆ ناو عێراق، هاوكات سەربازەكانیش لە رێگەی فرۆكەوە لە بنكە سەربازییەكە دەنیشنەوە".


وشە - فه‌رمان سادق