وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بەشداری شەڕی موسڵ دەکات

:: PM:07:41:15/10/2016 ‌

بەمەبەستی هاوركاری كردنی هێزەكانی پێشمەرگە، وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئامادەباشی تەواو دایە بۆ ئەگەرە نەخوازراوەكانی ناو بەرەكانی شەڕ بۆ ئەم مەبەستەش نەخۆشخانەی گەڕۆکی دامەزراندوە كە ئەتوانرێت لەبەرەیەكەوە بۆ بەرەیەكی تر بگوازرێتەوە.

دكتۆر خالص قادر، گووتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" ڕایگەیاند " تیمەكانی تەندروستی حكوومەت هەرێمی كوردستان بە هاوكاری تیمە پزیشكیەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە ئامادەیی تەواو دان بۆ پڕۆسەی ئازاد كردنەوەی موسڵ و چارەسەر كردنی برینداران "

گووتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت " هیچ تیمێكی نوێمان دروست نەكردوە بەڵكو هەر ئەو تیمانەمان هەیە كە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە و وەزارەتی تەندروستی پیكهێنراوە كە ئێستا لە میحوەركانی پێشمەرگە بونیان هەیە ".

دكتۆر خالص دەڵێت " نەخۆشخانەی گەڕۆك و چارەسەری خێرا بەهاوكاری ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی لە میحوەركانی پێشمەرگە بونیان دەبێت و لە شوبێنێك بۆ شوێنێكی تر دەگوازرێتەوە، وە تیمێكی پاڵپشت و ئامادەكراومان هەیە بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو ئەتوانین پشتیان پێببەستین ".

راشیگەیاند، وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات كە هیچ كێشەیەكی دەرمان و كەل و پەڵی پزیشكیمان نیە سەرجەم كەل و پەلەكانمان بۆ دابین كراوە بۆیە تیمەكانمان بەبێ‌ بوونی هیچ كەم و كوڕییەك بەشداری ئەم پڕۆسەیە ئەكەن .

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لەسەرەتای هێرشەكانی داعش بۆسەر هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە چەند تیمێكی ڕاهێنراوی بەری جەنگیان پێكهێنا و ماوەی دووساڵی لەبەرەكانی جەنگ بەشێوەیەكی سەركەوتوانە كارەكانیان بەڕێوە دەبەن بۆیە بۆ شەڕی موسڵیش بڕیاری داوە پشت بەم تیمانە ببەستێت .

وشە / ڕامیار جواد



وشە - رامیار جەواد