لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش: رەوشی تەناهیی سلێمانی جێگیر نییە

:: PM:09:51:21/05/2019 ‌

لە سلێمانی هێشتا رەوشی تەناهیی خراپە و دەنگۆی بوونی گرووپی تیرۆرستی و گرتنیان لەلایەن دەزگای هەواڵگری عێراقییەوە رەوشەكەی زیاتر خراپ كرد و خەڵكی شارەكەیشی نیگەران كردووە.

"وشە" بۆ یەكلا كردنەوەی ئەو دەنگۆیانە لەبارەی گرووپی تیرۆرستی هەیە پێوەندی  بە حەسەن نووری بەرێوەبەری ئاسایشی سلێمانی كرد و ئامادەنەبوو زانیاری بدات تەنیا گوتی، دۆخی سلێمانی ئارامە و هیچ كێشەیەك نییە.

لای خۆیەوە بەرزان حەمید سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، كەموكورتی لە هێزە تەناهییەكانی سلێمانی هەیە.

روونیشی كردەوە دۆخی سلێمانی لە ڕووی تەناهییەوە جێگیر نییە و پێویستە لەلایەن دەزگا تەناهییەكانەوە پلانی وردی بۆ دابنرێ‌.

هەروەك دووپاتی لەوەیش كردەوە كە ئەو رووداوانەی لە رابردوو لە سلێمانی رووی دا جێگای پرسیارە و پێویستە دەزگا تەناهییەكان روونكردنەوەی پێویستیان بۆی هەبێت.

ئەوە لەكاتێكدایە لەماوەی ڕابردوو چەندان باندی تاوانكاری لە سلێمانی گیرابوون و ددانیان بە چەندان تاوانی گەورەدا نا.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم