چاكسازی لە پێدانی بەشە خۆراكی هاووڵاتییان دەكرێت و كوالیتی باشتر دەكرێت

:: PM:11:26:21/05/2019 ‌

بەرێوەبەری بازرگانی هەرێم رایدەگەیەنێت كە لەگەڵ شاندی بازرگانی بەغدا لەسەر ئەوە قسەمان كردووە چاكسازی لە پێدانی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان بكرێت و بەشێكی زۆری ئەوانەی مادە خۆراكییەكان وەرناگرن ببڕدرێت.

نەوزاد ئەدهەم بەڕێوبەری بازرگانی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند, لەسەر پرسی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق گفتوگۆمان كردووە، بەتایبەت لەڕووی چاكسازی لە تەواوی بەشە خۆراك و مادەكانی ناوی كە دەدرێتە هاووڵاتییانەوە.

زیاتر گوتی, داوامان كردووە كە جیاوازی لەنێوان بەشە خۆراكی هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان و عێراق نەكرێت بەتایبەتی لە ڕووی كوالێتی و مادەكانییەوە، هەروەها لەگەڵ لیژنەی وەزارەتی بازرگانی لەسەر چاكسازی لە بەشە خۆراكی مانگانە قسەمان كردووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا كار لەسەر ئەوە بكرێت كە ئەوانەی لە عێراق ناویان نووسراوە بۆ بەشە خۆراك و وەری ناگرن، بەتایبەت چینی دەوڵەمەند و بەرپرسەكان و ئەوانەی بەكاری ناهێنن.

ئەدهەم دووپاتی كردەوە كە ئێستە لە عێراق ٣٧ ملیۆن هاووڵاتی ناویان لە بەشە خۆراكی مانگانە هەیە و بە پێی چاكسازییەكە بۆ نیوە كەم دەكرێتەوە و لە رووی كوالیتی باشتر دەكرێت.

لای خۆیەوە جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند كە لە ساڵی داهاتووەوە گۆڕانكاری لە بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان دەكرێت لە ڕووی كوالێتی و باشتر دەكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل