پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت كە وەزیری بازرگانی عێراق پێی راگەیاندوون ئەوان چاوەڕێی فرمانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن بۆ خەرجكردنی پارەی سێ ساڵی رابردووی گەنمی جووتیارانی هەرێم.
ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مێوانداری وەزیری بازرگانی عێراقی كرد و چەند پرسێكی لەگەڵ باس كرد لەوانە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016.
شێروان میرزا بە "وشە"ی راگەیاند, لەگەڵ وەزیری بازرگانی عێراق لەسەر پرسی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كۆبووینەوە كە ٥٥٠ ملیار دینارە و هی سێ ساڵی رابردووە و نەدراوە.
زیاتر گوتی, وەزیری بازرگانی عێراق دڵنیای كردینەوە كە بەشێكی زۆری پارەی گەنمی جووتیاران كە هی ئەو سێ ساڵەیە، وەك پارەی كاش ئامادەیە و تەنیا چاوەڕێی ئەوە دەكات عادل عەبدولمەهدی بریارێك دەربكات بە خەرجكردنی و ئەوانیش پارەكە هەمووی رەوانەی هەرێم دەكەن.
ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە, وەزیری بازرگانی دڵنیای كردینەوە كە پارەی گەنمی جووتیاران هیچ گرفتی نییە و ئەگەر ئەو بڕە پارەیەش كە ماوە خەرج نەكرێت, بەمەرجێك سەرۆك وەزیران فرمان دەربكات، پارە ئامادەكە ئەوان خەرجی دەكەن.
لای خۆیەوە شوان كەریم ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند, لیژنەیەكی پەرلەمانی كوردستان ئەمشەو سەردانی بەغدای كردووە و لە سبەینێوە لەگەڵ چەند لایەنێكی پێوەندیدار لەسەر پرسی گەنمی جووتیاران و پارەی سێ ساڵی رابردوویان گفتوگۆ دەكەن.
زیاتر گوتی, لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی دارایی كۆ دەبێتەوە و ئامانجی سەردانەكەش بۆ زیادكردنی رێژەی گەنمی جووتیارانە لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ, هەروەها هەوڵێكیش دەدرێت كە پارەی سێ ساڵی رابردوو كە لای بەغدایە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی