ئەنجامی راپرسی رۆیتەرز: جەنگی نێوان ئەمەریكا و ئێران روو دەدات

:: PM:01:53:22/05/2019 ‌

بەپێی راپرسییەك كە ئاژانسی رۆیتەرز لە ئەمەریكا ئەنجامی داوە، زۆربەی بەشدارانی راپرسییەكە پێیان وایە ئەمەریكا هێرش دەكاتە سەر ئێران و ئەم جەنگە زوو یان درەنگ روو دەدات.

راپرسییەكە بە هاوكاری دامەزراوەی ئیپسۆس ئەنجام دراوە و 51%ی بەشداران گوتوویانە ئێستە یان چەند ساڵی تر ئەو جەنگە لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەر روو دەدات.

 بەگوێرەی یۆرۆنیوز 53%ی بەشداران پێیان وایە ئێران بە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا هەژمار دەكرێت. 

بە گشتی نیگەرانی ئەمەریكییەكان لەسەر مەترسییەكانی ئێران زیاتر بووە چونكە لە راپرسی ساڵی رابردوودا رێژەكە 47% بووە.

60%ی بەشدارانی راپرسییەكە پێیان وایە نابێت ئەمەریكا بەر لە جووڵەی سەربازی یان هێرشی ئێران دەست بە هیچ هێرشێك بكات و 12%یش داوایان كردووە بە بێ هیچ بیانوویەك هێرش بكرێتە سەر ئێران.

پێویستە بگوترێت ئەمەریكا كۆمەڵێك كەشتیی جەنگیی هێناوەتە كەنداو و ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگ لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە هەر كاتێكی تر زیاتر بووە.



وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 2278 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌