پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای دەكات، ئەمڕۆ پۆلیس كەسێكی گرتووە كە 12 فەرمانی گرتنی هەبووە و شەش لەو فەرمانی گرتنانە لە هەولێر بووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 22ـی ئایار، لە ڕاگەیەندراوێكی پۆلیسی سلێمانی هاتووە، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا لێكۆڵینەوەكانیان لەسەر تۆمەتبارێكی هەڵاتوو دەست پێ كرد و دوای كۆكردنەوەی زانیاری ورد توانرا ئەمڕۆ چوارشەم 22 ی ئایار بیگرن.
پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای كردووە، تۆمەتبار چەندان فەرمانی گرتنی هەبووە بەپێی مادەكانی 452، 453، 456 لە یاسای سزادانی عێراقی بە جۆرێك شەش فەرمانی گرتنی هەبووە لە شاری هەولێر و شارۆكەی شەقڵاوە و پێنج فەرمانی گرتنی هەبووە لە چەند بنكەیەك لە شاری سلێمانی و یەك فەرمانی گرتنی هەبووە لە شارۆكەی كۆیە.
زیاتر ڕوون كراوەتەوە، كەسی تۆمەتبار " أ ، ن ، ف " ئێستە بەفەرمانی دادوەر ڕاگیراوە، هەستاوە بەفێڵكردن لە هاووڵاتییان و بەفێڵ پارەی لە ژمارەیەك هاووڵاتی سەندووە و هەڵاتووە.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، پۆلیس داوا لە هاووڵاتییان دەكات هەركەسێك سكاڵای هەیە لەسەر تۆمەتبار دەتوانێت سكاڵاكەی لە نزیكترین بنكە لە شوێنی نیشتەجێبونیەوە تۆمار بكات.