ئەو چارەسەرە سروشتییانەی ژانەسەر كەم دەكەنەوە

:: PM:03:49:22/05/2019 ‌
ژانەسەر دەبێتە هۆی بێهێزبوونی لەش بەتایبەتی كاتێك نیوەی بەشی سەر تووشی ئازار دەبێت، زۆر كات ئەو كەسانەی  ژانەسەریان هەیە پێویستیان بە حەسانەوەیەكی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی هەست بە كەمبوونەوەی ئازارەكە بكەن، باشتر وایە ژانەسەر بە بێ بەكارهێنانی دەرمان چارەسەر بكرێت. لێرەدا باس لە چەند رێیەكی سروشتی دەكەین بۆ رزگاربوون لە ژانەسەر تەنیا لە ماوەیەكی كەمدا.

یەكەم: مەگنیسیۆم، زۆر كات ژانەسەر بەهۆی كەمی رێژەی مەگنیسیۆم دروست دەبێت لە لەشدا. بۆیە پێویستە ئاستی ئەم كانزایە بەرز بكرێتەوە لەكاتی تووشبوون بە ژانەسەردا، باشتر وایە بەهێزكەر یان ئەو خۆراكانە بەكار بهێنرێت كە رێژەیەكی زۆر مەگنیسیۆمی تێدایە.

دووەم: گۆڕینی خۆراك، زۆر كات ژانەسەر بەهۆی ئەو خۆراكەوە دروست دەبێت كە دەیخۆین. بەتایبەتی وەك خواردنەوە كحوولییەكان، یان چوكلێت، یان خۆراكی دەستكاریكراو. بۆیە باشتر وایە خواردنی ئەو خۆراكانە كەم بكرێتەوە كە دەبنە هۆكارێك بۆ دروستبوونی ژانەسەر.

سێیەم: فشاری دەروونی كەم بكەرەوە، زۆر كات ژانەسەر بەهۆی ئەو فشار و دڵەڕاوكێیانەوە دروست دەبێت كە لە ژیانی رۆژانەدا هەیە. چەندان رێ هەن بۆ ئەوەی فشاری دەروونی كەم بكرێتەوە وەك خوێندنەوەی گۆڤار، وەرزشكردن، سەیركردنی فیلم و چەندان كاری رۆژانەی تر كە مێشك دوور دەخەنەوە لەو فشارانەی كە زیان بە دەروونی مرۆڤ دەگەیەنن. هەتا فشاری دەروونی كەمتر بێت ژانەسەر كەمتر دەبێتەوە.

چوارەم: نوستن، ئەگەر گرفتی نوستنت هەیە بێگومان تووشی ژانەسەر دەبیتەوە. كەمخەوی هۆكارێكە بۆ خراپتركردنی ژانەسەر ئەو كەسانەی كە تووشی ژانەسەر دەبن بەهۆی كەمخەوییەوە بەردەوام بێهێزن، ئەگەر نوستن بە شێوەیەكی گونجاو بێت ئەوە هەرگیز ژانەسەر روو نادات. ئەم چارەسەرانەی كە باسمان كرد تا ئاستێكی باش توانای كەمكردنەوەی ژانەسەری هەیە، بەڵام ئەگەر بەم كردارانە باش نەبوو، ئەوە پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.   



وشە - ئاوات ئازاد