یەكێتی هێزەكانی بەرەو سنووری ئێران دەجووڵێنێت

:: PM:04:14:22/05/2019 ‌
بەپێی ئەو زانیارییانەی‌ دەست "وشە" كەوتوون، لەماوەی چەند رۆژی رابردوو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێزێكی زۆری لە سلێمانییەوە بەرەو سنووری ئیدارەی راپەڕین و رانیە جووڵاندووە و فەرماندەیەكی ئەو حزبەش پشتڕاستی ئەو زانیارییانە دەكاتەوە، هاوكات چالاكێكی سیاسیش دەڵێ، ئامانجی یەكێتی داخستنی سنوورە لە حزبەكانی رۆژهەڵات.

لە سەروبەندی هەڕەشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و بوونی هێزێكی حەشدی شەعبی لە ئێران كە لە سنووری باشوور جێگیر كراون، یەكێتی هێز و جبەخانەی بۆ سنووری ئیدارەی راپەڕین ناردووە و تا ئێستە روون نییە ئامانجی لە جووڵە پێكردنی ئەو هێزە چییە و بەرپرسیكی حزبەكەش دەڵێ، كەس بۆی نییە لەسەر جووڵاندنی هێزەكانمان قسە بكات.

مستەفا چاوڕەش فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین پشتڕاستی ئەو زانیارییەی كردەوە و بە "وشە"ی راگەیاند، هێزە سەربازییەكە به ‌مەبەستی جێگۆڕكێ براوەتە سنووری راپەڕین‌ و قەبارەكەی فەوجێكە و بە مەبەستی دەوام رەوانەی ئەو شوێنە كراون.

زیاتر روونی دەكاتەوە، یەكێتی سەربازگەیەكی هەیە لەو سنوورە، هێزەكانمان هەموو لە یەك شوێندایه ‌و دەیانخەینە ئەو سەربازگەیە بۆ ئەوەی جێ و رێیان بێتەوە، بە گوتەی ئەو فەرماندەیەی یەكێتی، هۆكاری ناردنی ئەو هێزە تەنیا بۆ ئەو مەبەستە بووە.

ئەو فەرماندەیەی یەكێتی كە هاوكات ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانە هیچ زانیارییەكی لەبارەی هۆكارە سیاسییەكانی جووڵاندنی ئەو هێزە نەدركاند و گوتی، هەر شوێنێك پێویست بكات هێزی سەربازی بۆ دەنێرین و ئەوە كاری خۆمانه، فەرماندەكەی یەكێتی لەوە زیاتر ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەكی تر لەبارەی هێزەكە بخاتەڕوو و تەنیا گوتی، هیچ پێویست نییە خەڵك لەسەر ئەمە بدوێن و قسە بكەن.

بەپێی ئەو ئاڵوگۆڕییانەی لە ماوەی مانگی رابردوودا لە ناوچەكە روویان داوە، گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران بووەتە هۆی ئەوەی سەرجەم هێز و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان بۆ ئەگەر و لێكەوتەكانی ئەو گرژییە ئامادە بكەن، لەناو عێراقیشدا سەرجەم هێزە سیاسییەكان وەخۆ كەوتوون و هەوڵ دەدەن خۆ لە دەرهاویشتەكانی ئەو شەڕە بەدوور بگرن كە ئەگەری سەرهەڵدانی تا دێت بەهێزتر دەبێت.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تا ئێستە هەڵوێستی فەرمی خۆی لەو پێوەندییەدا نەخستووەتە روو و دیار نییە لە وەها ئەگەرێكدا پشتیوانی لە بەرژەوەندییەكانی ئێرانی دۆست و دراوسێی دەكات لە كوردستان یا وەك سەرجەم هێزە شیعە و دۆستەكانی ئێران لە عێراق بیلایەنی هەڵدەبژێرێت، بەڵام جووڵاندنی هێز لەو كات و ساتەدا چەند خوێندنەوەیەكی لای چاودێرانی سیاسیی بۆ دەكرێت.

یەك لەو ئەگەرانەی لای چاودێرانی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان بووەتە جێی نیگەرانی، باس لەوە دەكات كە بەپێی ئەو كردارانەی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو یەكێتی بەرانبەر ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات نواندوویەتی و چالاكێكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێ، باڵێك لە یەكێتی چارەنووسی سیاسیی خۆی لەگەڵ بەرەی ئێران لە ناوچەكەدا گرێ داوە.

ئاگری ئیسماعیلنەژاد چالاكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان و ئێران نزیك بە 600 كیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە، لە ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئێران بێگومان عێراق یەكێك لە گۆڕەپانەكانی ئەو شەڕە دەبێت، چونكە بەتەواوی دەركەوتووە كە بەرنامەی سەرەكی  كۆماری ئیسلامی ئەوەیە لە رێی شانە نوستووەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  تووشی تەنگژەی تەناهی و  شەڕی ناوخۆ بكات، پێم وایە هەمان بەرنامەی بۆ هەرێمی كوردستانیش هەیە، بە جیاوازییەكی بچووكەوە كە هاوكات هەم شانەی نوستوو وەگەڕ بخات، هەم هێزی پیادە بنێرێتە هەرێمی كوردستان، هێزی پیادەكەی حەشدی شەعبی دەبێت چونكە ئێستە لە سنووری رۆژهەڵاتیش حەشدی جێگیر كردووە و لە سنووری كەركوك، خانەقین و شنگالیش حەشد خانەخوێیە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، بە پێی ئەزموونی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و بە پێی ئەوەی باڵێك لە یەكێتی چارەنووسی سیاسیی خۆی لەگەڵ بەرەی ئێران لە ناوچەكەدا گرێ داوە، سێ ئەگەری ‌تر بۆ جووڵاندنی هێزی چەكداری یەكێتیی نیشتمانی لە ناوچەی ڕاپەڕین هەیە.

ئیسماعیلنەژاد بەو شێوەیە باس لە ئەگەرەكان دەكات، یەكەم: ناوچەی ڕاپەڕین لە ڕووی ژیۆپۆلیتیكەوە ناوچەی هەستیارە و دەكەوێتە ناوچەی قەندیل بەو پێیەی كە بەشێك لە هێزەكانی رۆژهەڵات لە نزیك ئەو دەڤەرە جێگیرن، ئەگەر هەیە بە پێی ئەوەی لە دیوی رۆژهەڵاتیش هێزی چەكداری حەشدیان هێناوەتە رۆژهەڵاتەوە، یەكێتی بیەوێ بە جۆرێك لە كاتی هێرش بۆ سەر حزبەكانی رۆژهەڵات، رێ نەدات لە هەرێمەوە هیچ یارمەتییەكیان بۆ بچێت و دەیەوێت بەشی شاخی حزبەكانی رۆژهەڵات گەمارۆ بدات.

دووەم: ئەگەری ئەوە هەیە یەكێتیی نیشتمانی و پەكەكە پێكەوە بسازێن بە یارمەتی لۆجستیكی یەكێتی، پەكەكە بچێتە ناو خاكی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە. سێیەم: جۆرێك سنوور داخستن لە حزبەكانی رۆژهەڵاتە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان