چەند سیناریۆیەكی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی ئەمەریكا و ئێران

:: PM:06:02:22/05/2019 ‌

كەشوهەوای جەنگ باڵی بەسەر ئاسمانی ناوچەكەی كەنداودا گرتووە و رووداوەكانی بەخێرایی بەدوای یەكدا دێن و لە سایەی چاوەڕوانی هەمووان بۆ ئەوەی بزانن دۆخەكە بە چ لایەكدا لار دەبێتەوە، لێرە و لەوێ باس لە سیناریۆكانی جەنگ و لێكەوتەكانی یان روونەدانی دەكرێت.

لیوا محەمەد ساڵح حەربی لە وتارێكی لە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی سعوودی باس لە سێ سیناریۆی گریمانكراو بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران دەكات و بەم شێوەیە باس لە بابەتەكە دەكات، بەم دواییە هەواڵەكان باس لە رەوانەكردنێكی بێ وێنەی هێزەكانی ئەمەریكا لەوەتەی ئازادكردنی عێراق لە 2003 بۆ ناوچەكە دەكرێت، ئەوەش لە وڵامی ئاماژەكانی زیادبوونی ئامادەسازی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە.

لە ماوەی دواییدا بەرپرسانی ئەمەریكا لە لێدوانەكانیان باسی بوونی زانیاری هەواڵگریان كرد بە بوونی هەڕەشە و نیازی ئێران بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەكە و پەرەسەندنی دۆخەكە لە رێگەی باڵە سیاسی و سەربازییەكانی لەو ناوچەیە، لەوكاتەی بەرپرسانی ئێران بەم دواییە ئاستی توندی لێدوانەكانیان زۆر زیادی كردووە و ئەوان باسی نەبوونی خواستی گفتوگۆكردن دەكەن لەگەڵ واشنتن، هەروەها ئەمەریكا بوێری ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لەدژی ئەو وڵاتە ناكات، كە ئەوەش ئەو رەوتەیە كە رژێمی ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتی ناردنەدەرەوەی تەنگژە و سوودوەرگرتن لە رووداوە سیاسییەكان و یاریكردن بەكات و سەرقاڵكردنی رای گشتی ناوخۆیی و ناوچەیی و دنیایی بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر پێڕەوی كردووە. لەو رێگەشەوە مسۆگەركردنی مانەوەی لە دەسەڵات، كە كۆشكی سپی ئەوانە باش دەزانێت بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو هەڵوێستەی ئێستە. 

تەرازووی هێز
لە ماوەی دواییدا ئەمەریكا ئامادەسازی و بنكە سەربازییەكانی و كەشتیگەلی دەریایی چوار و پێنجی خۆی لە ناوچەكە خستە ئامادەسازی، هاوكات لەگەڵ رەوانەكردنی فڕۆكەهەڵگری ئەبراهام لینكۆڵین و كۆمەڵە كەشتییە جەنگییەكەی و چوار فڕۆكەی سەربازی بۆمبهاوێژی (بی52)، هەموو ئەوان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هەر هەڕەشەیەكی ئێران كە رەنگە بەرژەوەندی و هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بكەنە ئامانج.  

تایبەتمەندی جیۆپۆلۆتیكی كاریگەر لەسەر گۆڕەپانی ئۆپراسیۆنەكان
گۆڕەپانی ئۆپراسیۆنەكان لە ناوچەی گریمانكراو بۆ هەر جەنگێك تایبەتمەندی جوگرافی و دیمۆگرافی دیاریكراو و ئاڵۆز و كاریگەری هەیە وەك تایبەتمەندی جوگرافی و سروشتی و سوودلێوەرگرتنیان بۆ مەبەستی سیاسی، گۆڕەپانەكە چەند ناوچەیەكی سیاسی و جوگرافی و ئابووری گرنگ لەسەر نەخشەی سەرچاوەكانی وزە و بەرهەمهێنانی دەگرێتەوە، كاتێك ناوچەی كەنداو بە گەورەترین ئەمباری ستراتیجی نەوت وەسف دەكرێت كە چەند میحوەرێك لەخۆ دەگرێت:

1-بەئاراستەی باكور: عێراق و سووریا و لبنان و فەڵەستین و توركیا و ئۆكراینا و یۆنان و ئیتاڵیا.
2-بەئاراستەی باشوور: عوممان و یەمەن.
3-بەئاراستەی رۆژئاوا: سعوودیە و میسڕ.
4-بەئاراستەی رۆژهەڵات: ئەفغانستان و پاكستان و هیندستان.
كە هەروەها دەریا و رێڕەوە ئاوییەكانی وەك كەنداو و دەریای عەرەب و دەریای سوور و دەریای سپی و دەریای قەزوین و دەریای رەش دەگرێتەوە.

ئامانجە سیاسی و ستراتیجییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە:
1-بەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوا لە ناوچەكە.
2-پارێزگاریكردن لە دۆخی ئێستەی سیاسی.
3-مسۆگەری گەیشتنی باری نەوت بۆ بازاڕەكانی دنیا.
4-بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی پێشبینیكرداو بۆ سەر ناوچەكە.
5- رووبەڕووبوونەوەی تەشەنەكردنی هزری شۆرشگێڕی تایفی و گەیشتنی بۆ ناوچەكە.
6-وەستاندنی پڕۆگرامی ئەتۆمی و مووشەكی كە هەڕەشەن بۆ سەر ناوچەكە و دنیا.

هەڵوێستی سەربازی و سیاسی بەگشتی:
هەردوو هەڵوێستی سیاسی و سەربازی هاوتای یەكترن بۆ وەرگرتنی بڕیاری جەنگ لەدوای هەڵسەنگاندنی دۆخەكە لە سایەی ئەو گۆڕانكارییە سیاسی و سەربازی و جیۆستراتیجییەی لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی هەن.

سیناریۆ پێشبینیكراوەكان:
*سیناریۆی جەنگ
*سیناریۆی خۆرادەستكردن بێ جەنگ

بەشێك لە شارەزایانی ستراتیجی و سەربازی پێشبینی روودانی جەنگێكی سەرانسەری و بەهێز لە ناوچەكە دەكەن كە ئەمەریكا لەدژی ئێران هەڵیگیرسێنێت، بەتایبەتی لە سایەی بوونی سەركردایەتییەكی توندڕۆی ئەمەریكا كە ئەوەش خراپترین سینایۆكانە و ئەگەر رووی دا ئەوە یەكێك لەوانەی خوارەوە دروست دەبێت:

*جەنگێكی تەكتیكی و خێرا بۆ یەكلاكردنەوەی خێرای جەنگ و شێواندنی ئێران و باڵەكانی و ئاراستەكردنی دۆخەكە بەرەو گفتوگۆیەكی مەرجدار، چەكی ئەمەریكاش بۆ ئەو جەنگە بریتییە گورزی دەستپێشخەر بۆ سەر چەكی بەرگری ئاسمانی و بنكە ئاسمانییەكان و ناوەندی سەركردایەتی و كۆنترۆڵی سەرەكی ئێران لە ناوخۆی و دەرەوە و لەدەستدانی كۆنترۆڵكردنی هێزەكانی.

*جەنگێكی تەكتیكی ناوەند، بەهەمان شێوە بەخێرایی دەبێت و بۆردومانی ئامانجە گرنگ و كاریگەرەكان دەگرێتەوە.

*جەنگی گشتی و ستراتیجی، واتە هەرەسهێنانی یەكجاری بەدوژمن و ریشەكێشكردنی باڵەكانی لە ریشەوە.

نزیكترین سیناریۆ بریتییە لە وەستان لە لێواری جەنگ نەوەك هەڵگیرسانی، بۆیە چاودێرانی سیاسی و ستراتیجی پێیان وایە كە گوشارەكانی سیاسی و ئابووری بۆ سەر ئێران زیاتر دەبن و ئەوەش وا دەكات كە رژێمی ئەو وڵاتە ناچار بێت سازش بكات بۆ خۆلادان لە ئەگەری جەنگ، بۆیە لە هەموو ئەگەرەكان رژێمی ئێران و باڵە سیاتسی و سەربازییەكانی براوەی گەورەن.







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل